نێودەوڵەتی – INA
مەکسیم لابۆخین، پزیشکی ڕووسی ئاگاداری دەدات لەوەی خواردنی تەواوکەرە خۆراکییەکانی کالسیۆم بە شێوەیەکی بێسەروبەر و بەبێ ڕێنمایی پزیشک یان پێویستییەکی تەندروستی، ڕەنگە ببێتە هۆی لێکەوتەی مەترسیدار کە هەڕەشە لە تەندروستیی مرۆڤ دەکەن.
پزیشکەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "گازیتا.ڕوو"ی ڕووسی ڕایگەیاند: "هەندێک کەس بە هیوای باشترکردنی تەندروستیی قژ، نینۆک و ددانەکانیان، بێسەروبەر پەنا بۆ خواردنی تەواوکەرەکانی کالسیۆم دەبەن، بەڵام ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە؛ چونکە ئەم شانانە بە پلەی یەکەم پشت بە کیراتین و ترشە ئەمینۆییەکانی هەڵگری گۆگرد دەبەستن، لە کاتێکدا ڕۆڵی سەرەکیی کالسیۆم تەنها لە پاڵپشتیکردنی تەندروستیی ئێسک و کۆئەندامی دەماردا کورت دەبێتەوە."
ئهوهیش هاتووه كه: "خواردنی تەواوکەرەکانی کالسیۆم تەندروستیی قژ یان نینۆک باشتر ناکات، چونکە کالسیۆم یان بەرەو ئێسکەکان دەچێت یان لە ڕێڕەوی خوێندا دەمێنێتەوە، هەروەها سوود بە مینای ددانیش ناگەیەنێت، کە دروستبوونی لە نێوان تەمەنی ١٣ بۆ ١٥ ساڵیدا تەواو دەبێت و بۆ پاراستنیشی پێویستی بە فلۆرید هەیە کە لە هەویری دداندا بوونی هەیە."
ئەم پزیشکە هۆشداریشی دا کە بەکارهێنانی بێسەروبەری ئەم تەواوکەرانە ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی کالسیۆم لە خوێندا بۆ ماوەیەک کە تا هەشت کاتژمێر دوای وەرگرتنی ژەمەکە درێژە بکێشێت.
ڕوونیشی کردەوە کە خواردنی بەردەوامی ئەم تەواوکەرانە بەبێ پێویستیی پزیشکی بۆ ماوەی پێنج ساڵ، ڕەنگە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی ٪٢٠ تا ٪٣٠ بەرز بکاتەوە، هەروەها مەترسیی دروستبوونی بەردی گورچیلەش بە ڕێژەی نزیکەی ٪٢٠ زیاد دەکات.
لابۆخین ئامۆژگاریی ئەو کەسانەی کرد کە تووشی هەڵوەرینی قژ بوون، پشکنین بۆ ئاستی ئاسن، مس و زینک بکن، بەهۆی ڕۆڵی سەرەکییان لە بەرهەمهێنانی کیراتیندا؛ هەروەها ڕاسپاردەی کرد کە ئەم ڕەگەزانە لە سەرچاوە سروشتییەکانیانەوە وەربگیرێن، وەک خواردمەنیا دەریاییەکان، پاقلەمەنییەکان، دانەوێڵە و چەرەسات؛ لە هەمان کاتدا ئاگاداریشی دا کە زێدەڕۆیی لە خواردنی کالسیۆمدا ڕەنگە ڕێگری بکات لە هەڵمژینی ئاسن و زینک لە لەشدا.
لە کۆتاییدا پزیشکەکە جەختی لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی و ڕاوێژکردن لەگەڵ پزیشک کردەوە پێش خواردنی هر تەواوکەرێکی خۆراکی، بە دڵنیابوونەوە لە ئاستی ڤیتامین D، کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەهێزکردنی هەڵمژینی کالسیۆم لە خۆراکەوە.
سەرچاوە: ئاژانسەکان


