هەمەڕەنگ – INA
دکتۆر یوری کۆنیڤ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ، ئاماژە بەوە دەکات کە دەکرێت ڕێگری لە تێکچوونی ماسولکەی دڵ بگرێت و تەندروستییەکەی بپارێزرێت لە ڕێگەی گۆڕینی شێوازی ژیان و پەیڕەوکردنی نەریتە تەندروستەکانەوە.
ڕوونیشی کردەوە کە پزیشکان پێشتر گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە خانەکانی ماسولکەی دڵ بەساڵاچووندا ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی پەیکەریی گەورە دەبنەوە، هەروەها زانایانی ڕووسی چوار نیشانەی سەرەکیی پیربوونی خانەکانی دڵیان دیاری کردووە، کە کاریگەرییان لەسەر توانای گرژبوون و ئاستی بەرگەگرتنی بەگشتی هەیە.
ئەوەشی وت کە هۆکارە پزیشکییەکانی ئێستا بۆ چارەسەرکردنی تێکچوونی دۆخی ماسولکەی دڵ بەکاردێن، لە قۆناغی ئێستای پێشکەوتنی زانستیدا کاریگەرییان سنووردارە، و جەختی کردەوە کە هەر هەوڵێک بۆ خاوکردنەوەی پرۆسە نەگەڕاوەکان دەبێت پشت بە ستراتیژییەکی درێژخایەن ببەستێت، هەروەها ئەم ئەنجامانە پاڵپشتی ئەو تێبینییانە دەکەن کە لە بەدواداچوونی درێژخایەنی ئەو نەخۆشانەوە بەدەستهاتوون کە ئارەزووی پاراستنی تەندروستیی لەشیاویی خۆیان دەکەن.
ناوبراو وتی: "پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروست بۆ خۆپارێزی، لە ئێستادا کاریگەڕترین هۆکارە، بەڵام هۆکارە پزیشکییەکانی دیکە یان کاریگەر نین یان کاریگەرییان تا ئێستا زۆر لاوازە."
پزیشکەکە جەختی کردەوە کە سیستەمی خۆراکی هاوسەنگ و چالاکیی جەستەیی بەردەوام، وەک دوو هۆکاری بنەڕەتی بۆ پاراستنی فەرمانەکانی ئەندامەکانی لەش دەمێننەوە، و ڕوونی کردەوە کە نەمانی ڕێبازێکی شێلگیرانە لە ڕاهێنانی تەندروستیدا پرۆسەکانی پیربوون لە لەشدا خێراتر دەکات، هەروەها کەمیی ڕاهێنان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری نەرێنی لە ماسولکەی دڵدا، کە ئەمەش لەگەڵ بەساڵاچووندا لەسەر کوالێتیی ژیان ڕەنگ دەداتەوە.
ئاماژەی بە پێویستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستیی بنەڕەتی و درێژخایەن کرد، کە زیاتر لە ١٠ ساڵ بخایەنێت، تاوەکو گۆڕانکارییە پەیوەندیدارەکان بە تەمەنەوە بە شێوەیەکی وردتر هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.
باسی لەوەش کرد کە زۆربەی ئەو نەریتانەی مرۆڤ لە تەمەنی گەنجیدا پەیدایان دەکات، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دیاریکردنی تەندروستیی دڵ و بۆرییەکانی خوێن لە داهاتوودا، بۆیە چالاکیی ڕۆژانەی سادە دەکرێت ببێتە جێگرەوەیەکی کاریگەر بۆ ڕێکارە پزیشکییە ئاڵۆزەکان، بە مەرجێک بەردەوامیی تێدا بێت.
دەستنیشانیشی کرد کە دەستکاری کردنی سیستەمی خۆراکی گرنگییەکی تایبەتی دەبێت لە لای کەسانی بەساڵاچوو، چونکە لەش دوای تەمەنی پێنجا ساڵی بە شێوەیەکی هەستیارتر ڕەفتار لەگەڵ فشارە ڕۆژانەکاندا دەکات، کە ئەمەش پێویستی بە دووبارە چاوخشاندنەوە بە نەریتە خۆراکییەکاندا هەیە، هەروەها وەرزشکردنی بەردەوام کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر فەرمانەکانی لەش دەبێت لە ڕێگەی باشترکردنی تەندروستیی بۆرییەکانی خوێن و ڕێکخستنی پرۆسەکانی میتابۆلیزم، لەکاتێکدا هەندێک گۆڕانکاریی سادە لە سیستەمی خۆراکیدا و دوورکەوتنەوە لە هۆکارە خۆراکییە زیانبەخشەکان یارمەتیدەر دەبن بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
سەرچاوە: ئاژانسەکان
