وەرزش – INA
ئۆندەر ئۆزێن، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بێشکتاشی تورکی، هۆکارە ڕاستەقینەکانی لەپشت هەڵپەساردنی هەوڵەکانی یانەکە بۆ ئیمزاکردنی گرێبەست لەگەڵ موحەمەد سەڵاح، کاپتنی هەڵبژاردەی میسر و ئەستێرەی پێشووی یانەی لیڤەرپووڵی ئینگلیزی، ئاشکرا کرد.
موحەمەد سەڵاحی تەمەن ٣٤ ساڵ، دوای ڕێککەوتنی لەگەڵ یانەی لیڤەرپووڵ بۆ کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکەی ساڵێک پێش وادەی دیاریکراو، لە کۆتایی وەرزدا بووە یاریزانێکی ئازاد.
لە هەفتەکانی ڕابردوودا ناوی ئەستێرە میسڕییەکە بە گواستنەوەی بۆ ڕێزەکانی بێشکتاش بەسترابووەوە، دەنگوباسی ئەوەش بڵاوبووەوە کە بێشکتاش گرێبەستێکی تا ساڵی ٢٠٢٧ بە بڕی مووچەی ١٢ ملیۆن یۆرۆ و لەگەڵ بژارەی درێژکردنەوەی بۆ وەرزێکی دیکە پێشکەشی سەڵاح کردووە.
ئۆندەر ئۆزێن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زانیاریی نوێی سەبارەت بە دانوستانەکان خستەڕوو و دووپاتی کردەوە کە یانەکە دانوستانەکانی بە یەکجاری وەستاندووە. ناوبراو ستایشی هەڵوێستی سەرۆکی یانەکەی کرد کە بڕیاری پاشەکشەی داوە تاوەکو بەها و پرەنسیپەکانی یانەکە بپارێزێت و بەدوای چارەسەری جەماوەریدا نەڕوات.
ئۆزێن وتی: "پێم وایە سەرۆکی یانەکە بەبێ دەستکاریکردنی پرەنسیپەکانی بێشکتاش بڕیاری پاشەکشەی لە دانوستانەکانی سەڵاح دا، منیش سوپاسی دەکەم بۆ ئەم هەڵوێستە."
بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە یانەکە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیری سەبارەت بە توانای دارایی و لایەنی بازاڕگەری و چاوەڕوانیی جەماوەر بۆ ئەم گرێبەستە ئەنجامداوە، جەختیشی کردەوە کە سێ جار لەگەڵ یاریزانەکە کۆبوونهەتەوە (دوو جار خۆی و جارێکیش ڕاهێنەرە ئیتالییەکە) بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەکە و لایەنی تاکتیکی. ڕوونیشی کردەوە کە ئەم قۆناغە بە ئاسانی بەڕێوەچوو، بەڵام دواتر لەسەر ئاستی دارایی ئاستەنگ دروست بوو، کە ئەوەش ئیدارەکەی ناچار کرد دۆسیەکە ببهەستێنێت.
ئهوهیش وت: "پەیوەندیمان بە سەڵاحەوە کرد کە ئەستێرەیەکی جیهانییە و ڕێزێکی گەورەی هەیە، مۆدێلێکی دارایی باشیشمان بۆ گرێبەستەکە هەبوو. سێ جار بەبێ دەستبردن بۆ لایەنی دارایی دانوستانەکان کۆبووینەوە و کارەکان تا ئەو قۆناغە بە باشی دەڕۆیشتن،" ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕوا ناکات ئەو داواکارییە مالییانە ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی یاریزانەکەوە بووبێت.
ئەم بەرپرسەی یانە تورکییە دووبارە جەختی کردەوە کە سیاسەتی بێشکتاش لەسەر بنەمای پرەنسیپی نەگۆڕ داڕێژراوە کە ناکرێت ببەزێنرێن، تەنانەت لە کاتی دانوستان لەگەڵ ئەستێرەکانی وەک سەڵاحیشدا. ئاماژەی بەوەش کرد بڕیاری کۆتایی لەگەڵ ڕوانگەی ئیدارەکەدا گونجاو بووە، ئەگەرچی دەرمانی دۆسیەکە لە ڕووی تیۆرییەوە کراوە دەمێنێتەوە بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە لە داهاتوودا ڕووبدات.
سەرچاوە: ئاژانسەکان



