بەدواداچوون – INA

کۆمەڵێک توێژینەوەی نوێ کە نزیکەی 50 هەزار بەکارهێنەری دەرزیی دابەزاندنی کێشی لەخۆگرتبوو، دەرخەری ئەوەیە کە هەندێک لە دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش ڕەنگە پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسیی هەڵوەرینی قژەوە هەبێت،ئەمەش بەهۆی پەیوەندییان بە یەکێک لە کاریگەرییە لاوەکییە دەگمەنەکانەوە کە بریتییە لە ڕووتانەوەی قژ.

ڕۆژنامەی The Mirror بڵاوی کردووەتەوە کە ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی دەرمانەکانی کۆنترۆڵکردنی ئارەزووی خواردن، حاڵەتەکانی هەڵوەرینی قژیان ڕاگەیاندووە ، بەڵام پەیوەندییە ڕاستەوخۆکە پێشتر ڕوون نەبوو. بەڵام شیکردنەوەی داتای نەخۆشان لە سیستمی تەندروستیی زانکۆی پنسلڤانیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرخەری بوونی پەیوەندییە لە نێوان ئەم دەرمانانە و هەڵوەرینی قژدا،هەرچەندە مەترسییە گشتییەکە هێشتا نزمە.

وەک لە توێژینەوەکەدا هاتووە : بەکارهێنەرانی دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش بە ڕێژەی 68% زیاتر تووشی ڕاگەیاندنی هەڵوەرینی قژ بوون بەراورد بەو کەسانەی جۆرەکانی تری دەرمانی شەکرە بەکاردەهێنن، هەروەها ئەم دەرمانانە پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە ڕووتانەوە بە ڕێژەی 37%هەبوو بەراورد بە دژەهاندەرەکانی SGLT-2.

توێژەران پێشبینی دەکەن کە هۆکارەکە پەیوەندیی هەبێت بە دابەزاندنی خێرای کێش،و کەمبوونەوەی لەپڕی کالۆرییەکان، سەرەڕای کەمیی هەندێک توخمی خۆراکی وەک ئاسن و زینک، کە ئەمانە فاکتەری ناسراون بە کاریگەرییان لەسەر تەندروستیی قژ.

یۆنگ تشێن،لە زانکۆی پنسلڤانیا، ڕایگەیاند کە دابەزاندنی کێش و گۆڕانکارییەکان لە باری خۆراکیدا نوێنەرایەتیی فاکتەری مەترسیی ناسراو دەکەن بۆ تووشبوون بە هەڵوەرینی قژی کاتی،کە جۆرێکی باو و کاتییە لە هەڵوەرینی قژ، ئاماژەی بەوەشکرد : کە ئەم حاڵەتە ڕەنگە کاریگەریی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەسەر نەخۆشان هەبێت، هەرچەندە زیانێکی جەستەیی هەمیشەیی لێناکرێتەوە.

توێژینەوەکە پشت بە بەراوردکردنی هەزاران نەخۆشی تووشبوو بە شەکری جۆری دووەم دەبەستێت کە دەرمانەکانی GLP-1 یان بەکارهێناوە لەگەڵ کەسانی تر کە جۆرە جیاوازەکانی دەرمانی شەکریان بەکارهێناوە، لەگەڵ ڕەچاوکردنی هۆکارەکانی وەک تەمەن و کێش بۆ دڵنیابوون لە دروستیی ئەنجامەکان.

سەرەڕای ئەم ئەنجامانە، توێژەران جەختیان لەوە کردەوە کە سوودەکانی دەرمانەکانی GLP-1 لە باشترکردنی کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن، و یارمەتیدان بۆ دابەزاندنی کێش، و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی قەڵەوی، هێشتا زیاترە لەم مەترسییە ئەگەرییە لەلای زۆربەی نەخۆشاندا، و جەختیان لە گرنگیی بەکارهێنانی ئەم چارەسەرانە کردەوە لە ژێر چاودێریی پزیشکی و بەدواداچوونی باری خۆراکی بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری کاریگەرییە لاوەکییەکان.