فرێدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کاردانەوە بە هێرشەکەی سەر ڕێپێوانی پرایەدی بەرلین ڕایگەیاند هێرشەکە بێ وەڵام نابێت و حکومەت بڕیار لەسەر دەرئەنجامەکانی دەدات.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی ئازادییەکان، ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەکان، کۆمەڵگەی ئەڵمانیا لە بەرگریکردن لە ئازادییەکانیدا بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و نابێت بەم جۆرە هێرشانە بترسێنرێت.
هەروەها پۆلیسی ئەڵمانیا ڕۆژی یەکشەممە رایگەیاند بەدوای تۆمەتبارە سەرەکییەکەدا دەگەڕێت کە دوای هێرشەکەهەڵهاتووە. دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە هێرشەکەی شەممە شەو لە دەوروبەری ڕێپێوانی پرایدی بەرلین بە "هێرشێکی تێرۆریستی ئیسلامی" ناوبرد. لەو هێرشەدا ژنێک گیانی لەدەستدا و 29 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەلەکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، ناسنامەی تۆمەتبارە سەرەکییەکەی ئاشکرا کرد و گوتی ناوی "عەبدول بەڵوت"ە و تەمەنی21 ساڵە.
هەواڵەکانی میدیای ئەڵمانیا ئاماژەیان داوە کە تۆمەتبارەکە هاووڵاتییەکی لایەنگری ڕێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بووە و ئەمساڵ بەهۆی تاوانێکی پێشووترەوە حوکمی دادگایی وەرگرتووە.
ئەم ڕووداوە شەممە شەو ڕوویدا و خۆشی و ئاهەنگی سەدان هەزار کەسی تێکدا کە بۆ بەشداریکردن لە ڕێپێوانی رۆژی شەقامی کریستۆفەر لە بەرلین کۆبووبوونەوە. رێپێوانی ناسراو بە رێپێوانی رۆژی شەقامی کریستۆفەر، یەکێک لە گەورەترین رێپیوانەکانی پرایدە کە بۆ پشتگیری لە مافەکانی کۆمەڵگای ئێڵ جێ بێ تی کیو پڵاس لە ئەورووپا بەڕێوە دەچێت.
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا هێشتا لێکۆڵینەوەیان بەردەوامە بۆ گرتنی تۆمەتبارەکە و دیاریکردنی هەموو وردەکارییەکانی هێرشەکە و هۆکارەکانی.



