بەدواداچوون-INA

پزیشکێکی ڕووسی هۆشداریدا لەوەی کە دابەزینی کتوپڕی فشاری خوێن لەو کەسانەی کە نەخۆشی بەرزبوونەوەی فشاری خوێنیان هەیە یان تەنانەت ئەوانەش کە فشاری خوێنیان ئاساییە، بە حاڵەتێکی پزیشکی لەناکاو و مەترسیدار بۆ سەر ژیان دادەنرێت، و لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە مەترسیدارتر بێت لە بەرزبوونەوەیەکی مامناوەندی فشاری خوێن.

پرۆفیسۆر "ئەلیکساندەر کۆنکۆ" سەرۆکی بەشی چارەسەر و زانستی دەرمان و دەرمانسازی لە زانکۆی تیکۆلۆژیای بایۆلۆجی ڕووسی، روونیکردەوە ئەو باوەڕە باوەی کە پێی وایە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن گەورەترین مەترسییە، لە کاتێکدا دابەزینەکەی تەنها وەک هەستکردن بە ماندووبوون سەیر دەکرێت کە دەکرێت بە قاوە یان شۆکۆلاتەی تاریک چارەسەر بکرێت، ڕەنگدانەوەی ڕاستیی پزیشکی نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد : کە قاوە و شۆکۆلاتە،سەرەڕای بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانیان بۆ بەرزکردنەوەی فشاری خوێن، وەک ڕێگەیەکی سەلامەت یان کاریگەر دانانرێت، بەتایبەت لە حاڵەتەکانی دابەزینی تونددا، و جەختیشی کردەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم حاڵەتە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی پزیشکی و بەکارهێنانی چارەسەری گونجاو هەیە.

پرۆفیسۆر "ئەلیکساندەر کۆنکۆ" ڕونیشیکردەوە کە یەکەم هەنگاو بریتییە لە دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی پشت دابەزینی فشاری خوێن، چونکە ڕەنگە لە ئەنجامی تێکچوونی دڵ یان بۆڕییەکانی خوێنەوە دروست بێت، یان نەخۆشییەکانی ڕژێنە ناوەکییەکان وەک کێشەکانی ڕژێنی غودە یان ئەدریناڵ، هەروەها ڕەنگە بەهۆی وشکبوونەوە یان لەدەستدانی خوێنەوە بێت، یان وەک کاریگەرییەکی لاوەکی هەندێک دەرمان دەرکەوێت.

ئەم پرۆفیسۆرە دەشلێت : خوێنڕێژی ناوەکی یەکێکە لە مەترسیدارترین هۆکارە ئەگەردارەکان بۆ دابەزینی فشاری خوێن، بەهۆی ئەوەی کە دەبێتە هۆی دابەزینێکی توند لە ڕۆیشتنی خوێن بۆ ئەندامە سەرەکییەکان.

جەختیشی کردەوە کە گەورەترین مەترسی لە کەمبوونەوەی (گەیشتنی خوێن) بۆ شانەکاندایە، کە حاڵەتێکە تیایدا ئەندامەکانی جەستە بڕی پێویست لە ئۆکسجین وەرناگرن بەهۆی لاوازی ڕۆیشتنی خوێن، ئەمەش لەگەڵ بەردەوامبوونی دەبێتە هۆی تێکچوونی خانەکان و لەناوچوونیان، بەتایبەت لە مێشک و دڵ و گورچیلەکاندا.