کۆشکی سپی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمزی ڕەتکردەوە کە نووسیبووی ئەمەریکا پلانەکانی بۆ پەرەسەندنی چالاکییە سەربازییەکانی لە دژی کۆماری ئیسلامی خستوەتە لاوە و وازی لێهێناوە.
ستیڤن چانگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند سەرۆک دۆناڵد ترامپ هەمیشە ڕایگەیاندووە کە چارەسەری دیپلۆماسی پێ باشترە، بەڵام ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە تەنگەی هورمز یان دژی هاوپەیمانان، هەموو بژاردەکانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە و هەمووی لەسەر مێز دەبن.
وتیشی "پاش گەمارۆ سەرکەوتووەکان کە ئابووری ئێرانی پەکخستووە و 13 ڕۆژ بوردمانکردنی ئامانجە سەربازییەکان لە کاردانەوە بە دەستدرێژییە دووبارەبووەکانی کۆماری ئیسلامی، باشترە ئێران هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بدات؛ ئەگەرنا دەزانن چی ڕوودەدات."
بەگوێرەی ڕاپۆرتی فۆکس نیوز، هەڵوێستی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی لە وەڵامی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمزدا بووە کە بڵاویکردووەتەوە ترامپ لانیکەم بۆ ئێستا وازی لە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی سەربازیی گەورەتر دژی ئێران هێناوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕاوێژکارەکانی هۆشدارییان داوە لە مەترسی پەرەسەندنی ململانێکان.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و سی ئێن ئێن بڵاویانکردبووە نیگەرانییەکانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس و جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا سەبارەت بە کەمبوونەوەی مووشەک و دەرئەنجامەکانی پەرەسەندنی جەنگ ڕۆڵی هەبووە لە بڕیاری ڕاگرتنی کاتی هێرشەکانی ئەمەریکا دوای 13 شەو لە بۆردومان.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی سی ئێن ئێن، ڤانس و کەین لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی لەم بارەیەوە قسەیان کردووە و جەنەڕاڵ دان کەین بە تایبەتی نیگەرانییەکانی سەبارەت بە کۆگاکانی تەقەمەنی ئەمەریکا و ئەگەری دەرئەنجامە نەرێنییەکانی دیکەی دەربڕیوە. سەرچاوەیەک باسی لەوە کردووە کەین بە ترامپی وتووە سوپای ئەمەریکا دەتوانێت بژاردەکان جێبەجێ بکات و سەرکەوتوو بێت، بەڵام هۆشداریی داوە لە دەرئەنجامە ئەگەرییەکان.
هەردوو سەرچاوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابینکردنی تەقەمەنی تەنیا یەکێکە لەو چەند پرسانەی کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ترامپ وروژێنراون.
سی ئێن ئێن نووسیویەتی، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا ئەم نیگەرانییانە یان هۆشدارییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی شەڕ هۆکاری سەرەکی ڕاگرتنی هەڵمەتەکانی شەوانە بووە یان ڕاگرتنەکە بەردەوام دەبێت.
دوابەدوای ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، شان پارنێل، وتەبێژی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند سوپای ئەمەریکا بەهێزترین سەربازیی لە جیهاندا هەیە و هەموو ئەو شتانەی هەیە کە پێویستیانە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان لەو کات و سات و شوێنەی سەرۆک دیاری بکات.

