بەغدا - INA- ویسام مەلا
ئەمڕۆ شەممە عەلی فالح زەیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەردەوامی هەوڵەكانی بۆ داڕشتنەوەی ئەنجوومەنی باڵای ژنان و كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای ژنانی بە دیدگایەكی نوێ ڕاگەیاند.
لە وتارێكدا كە لە 18ەمین كۆنفرانسی ڕۆژی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پێشكەشی كرد، كە لە بەغدا لەلایەن ڕەوتی حیكمەی نیشتمانییەوە بەڕێوەچوو و پەیامنێرێكی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو و زەیدی ڕایگەیاند : ژنان لە بەرنامەی حكومەتەكەماندا چاودێری و پێزانینیان وەرگرتووە، وەك داننان بە گرنگییەكانیان لە گەشەپێدانی هەمەلایەنەدا، ژنانی عێراقیش بەشدارییان كردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیاتەكان و هەلومەرجێك كە هەموو عێراقییەكان تووشی بوون لە كاتی شەڕكردنیان لەگەڵ داعش، كە كردەوەی توندوتیژی ترسناكیان بەرامبەر بە ژنانی عێراق ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشكرد : ئەم تەحەددایانە وەك هاندەرێك كاردەكەن بۆ دابینكردنی ژینگەیەكی سەلامەت كە ڕێگری بكات لە هێرشكردنە سەر ژنان و سووككردنی پێگەی ئەوان لەڕێگەی ڕێوشوێنی ڕێگریكردن و یاسادانانەوە، گرنگترین توخم لە پاراستنی مافەكانی ژناندا كاركردنە بۆ پەرەپێدانی توانا زانستی و فیكریەكانیان و تواناكردنیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركردایەتی، زەیدی ڕوونیشیكردەوە ئەمڕۆ شانازی بە بوونی ژنانەوە دەكەین لە هەموو لقەكانی حكومەتی دەستوریدا، پێویستە ژنان لە ڕێگەی كولتووری ڕێزگرتن و پێشێلنەكردنی مافەكانیانەوە لە دەستدرێژی و زەوتكردن بپارێزرێن، ئەمە بەرپرسیارێتی هاوبەشی كۆمەڵگە و حكومەت و دەوڵەتە.
زەیدی لە وتارەكەیدا یادی خوالێخۆشبوو سەید عەبدولعەزیز حەكیم دەستپێشخەری ئەم پڕۆژەیەی كردەوە و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەید عەممار حەكیم بەرپرسی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی و ڕێكخەرانی كۆنفرانسەكە دەربڕی بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی ئەم چالاكییە ساڵانەیە، سەرۆك وەزیران پابەندبوونی خۆی بە بەردەوامبوون لە داڕشتنەوە و بوژاندنەوەی ئەنجوومەنی باڵای ژنان بە دیدێكی نوێوە كە ئامانجی مەبەستی خۆی بەدیبهێنێت، بیكاتە چوارچێوەی یاسایی و جێبەجێكاری بۆ هەموو هەوڵەكان بە ئامانجی بەرزكردنەوەی پێگەی ژنانی عێراق.

