بەغدا – INA

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، هاوخەمی و پشتیوانیی تەواوی وڵاتی بۆ کۆماری جەزائیر ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی لە چەند ویلایەتێکی ئەو وڵاتە ڕوویان داوە و زیانی گیانی و ماددییان لێ کەوتووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە تییدا هاتووە: "هاوخەمی و پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ وڵاتی جەزائیری برامان ڕادەگەیەنێن لەبەرامبەر ئەو ئاگرکەوتنەوانەی لە چەند ویلایەتێکی ئەو وڵاتە ڕوویان داوە و بوونەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی."

وەزارەتی دەرەوە سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی حکومەت و گەلی جەزائیر و بنەماڵەی قوربانییەکان کردووە و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان و سەلامەتیی بۆ هەمووان خواستووە.

هەروەها وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق لەم بارودۆخە ئازاربەخشەدا لەگەڵ جەزائیردا وەستاوە و متمانەی تەواویشی بە دامەزراوەکانی ئەو دەوڵەتە هەیە بۆ تێپەڕاندنی شوێنەوارەکانی ئەم کارەساتە و گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان، لە کۆتاییشدا هیوای ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوامی بۆ جەزائیر خواستووە.