بەغدا – INA– محەمەد تاڵبی
ئۆمەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستپێکردنەوەی کارەکانی لە دەروازەی شەلامچە ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی بەهۆی بۆردومانکردنی بەشەکەی ناو خاکی ئێرانەوە، کارەکان تێیدا پەککەوتبوون.
وائیلی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "کارکردن لە دەروازەی سنووریی شەلامچە لە پارێزگای بەسرە، لەسەر داوای لایەنی ئێرانی بۆ ماوەی سێ کاتژمێر (لە ٢:٠٠ی شەو تا ٥:٠٠ی بەرەبەیان) وەستا."
ڕوونیشیکردەوە کە "ئەو وەستانە بە مەبەستی دووبارە ڕێکخستنەوەی دۆخەکە بووە دوای ئەوەی دەروازەکە لە دیوی ئێرانەوە کەوتبووە بەر بۆردومان." جەختیشی کردەوە کە لە کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانەوە تاوەکو ئێستا، کارەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچن و هاتنی سەردانیکەرانی چلەی ئیمام حوسێن بەردەوامە.


