بەغدا – INA

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە توانیویانە هەوڵێکی قاچاخچێتیی بارهەڵگرەکان پوچەڵ بکەنەوە و ٨ تۆمەتبار دەستگیر بکەن.

لە ڕاگەیەندراوێکی دەزگاکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە تێیدا هاتووە: "مەفرەزەکانی ئاسایشی نیشتمانی توانییان دەست بەسەر ٦ بارهەڵگری قاچاخدا بگرن و ٨ تۆمەتبار لە باکووری بەغدا و پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر بکەن؛ ئەم ئۆپراسیۆنەش دوای بەدواداچوونی ورد بۆ مەلەفی قاچاخچێتیی ئابووری و وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەر ئەنجام دراوە."

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە بەغدا کەمینێکی توند بۆ دوو بارهەڵگر دانرا؛ یەکێکیان بڕێکی زۆر دەرمانی مرۆیی تێدا بووە کە لەژێر کەلوپەلی پاککەرەوەدا شاردرابووەوە، ئەوەی دیکەشیان جگەرەی قاچاخی هەڵگرتبوو."

سەبارەت بە پارێزگای سەڵاحەدین، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ڕوونی کردووەتەوە: "٤ بارهەڵگر دەستگیرکراون کە لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بەغدا بەڕێوەبوون؛ دووانیان ٩٧ پالێت ڕۆنی مەکینەیان تێدا بووە کە جیاوازی لە نێوان سەرچاوەی بارەکە و کاغەزە گومرگییەکانیدا هەبووە. دوو بارهەڵگرەکەی دیکەش ٣٢٢٦ کارتۆن جگەرەی قاچاخیان تێدا بووە کە بە مەبەستی چەواشەکاری، لەژێر کەلوپەلی خۆراکدا شاردرابوونەوە."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تۆمەتبارەکان لەگەڵ بارهەڵگرەکاندا ڕادەستی لایەنە پسپۆڕەکان کراون بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەریان .