بەغدا – INA

ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی باڵای خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە سەردانی چلەی ئیمام حسێن، ئامادەییی تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەردانەکە ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بە پەسەندکردنی پلانێکی گشتگیر بۆ بوارەکانی گواستنەوە و خزمەتگوزاری کرد.

لیژنەی باڵای خزمەتگوزارییەکان لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌: عەلی ڕەزووقی لامی، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی لیژنەی باڵای خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە سەردانی ئەربەعین، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی لیژنەکەی کرد، بە ئامادەبوونی پەرلەمانتار حەسەن ئاسدی سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ سەردانی ئەربەعین، و جێگرانی پارێزگارانی کەربەلای پیرۆز و نەجەفی ئەشرەف، و بریکاری وەزارەتی بازرگانی، و نوێنەرانی وەزارەت و لایەنە پشتیوانەکان کە وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا، تەندروستی و گواستنەوەیان دەگرتەوە، لەگەڵ نوێنەرانی دەستەی حەشدی شەعبی و عه‌ته‌به‌ پیرۆزەکان .

بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌، لامی جەختی لەگرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان و دابەشکردنی ڕۆڵەکان لەنێوان سەرجەم دامەزراوەکاندا بەپێی پسپۆڕییەکانیان کردووەتەوە، بەجۆرێک کە دەستەبەرکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە سەردانیکاران و سەرخستنی مەراسیمی سەردانی چلەی ئیمام حسێن مسۆگەر بکات.

لە راگه‌یندراوه‌كه‌ ئه‌وه‌یش هاتووە: «لە کۆبوونەوەکەدا گەنگەشەی پلانی گواستنەوەی سەردانیکاران لەکات و دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەدا کرا، بەتایبەتی لە کاتەکانی قەرەباڵغیی زۆردا (کاتەکانی لووتکە). بۆ ئەم مەبەستەش سێ تەوەرەی سەرەکی پەسەند کران کە بریتیین لە: نەجەف–کەربەلا، بەغدا–کەربەلا، و بابل–کەربەلا؛ بە مەرجێک وەزارەتی گواستنەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی حەج و عەمرە و تیمی هەوڵی حکومی، ئەرکی جێبەجێکردنی پلانەکە و دەستەبەرکردنی ڕەوانیی هاتووچۆی سەردانیکاران بگرێتە ئەستۆ.»

سەبارەت بە لایەنی خزمەتگوزاری، نوێنەرانی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایانگەیاندووە کە بە پاڵپشتیی وەزارەتەکان، پارێزگاکان و هەندێک لە لایەنە یاریدەدەڕەکان، ئەرکی دابینکردن و دابەشکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان لە ئەستۆ دەگرن، لەوانەش ئاوی خواردنەوە، شەربەت و سەهۆڵ، وەک پاڵپشتییەک بۆ موکیبەکانی حسێنی و خزمەتکردنی سەردانیکاران.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە جێگرانی پارێزگارانی کەربەلای پیرۆز و نەجەفی ئەشرەف ئامادەییی تەواوی خۆیانیان بۆ خستنەگەڕی تەواوی تواناکانی خزمەتگوزاری بەمەبەستی پێشوازیکردن لە سەردانیکاران دەربڕیوە. لە لایەکی دیکەوە، نوێنەری وەزارەتی نەوت ڕوونیکردووەتەوە کە وەزارەتەکەیان پلانێکی تۆکمەی بۆ دابینکردنی جۆرەها بەرهەمی نەوتی بۆ مووەلیدەکان، فڕنەکان و موکیبە حسێنییەکان ئامادە کردووە.

لە لایەنی خۆیەوە، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی جەختی لە تەواوکردنی ئامادەکارییەکان کردووەتەوە بۆ بڵاوەپێکردنی مەفرەزە پزیشکییەکان و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس) لەسەر درێژایی ڕێگاکانی ڕۆیشتنی سەردانیکاران، دەستپێک لە دەروازە سنوورییەکانەوە تاوەکو دەگاتە پارێزگای کەربەلای پیرۆز، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێویستەکان.

راگه‌یندراوه‌كه‌ ئاماژەی بەوەش کردووە کە نوێنەرانی عه‌ته‌به‌ پیرۆزەکان دووبارە ئامادەییی تەواوی خۆیانیان بۆ پێشوازیکردن لە ملیۆنان سەردانیکار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر دووپاتکردووەتەوە بەجۆرێک کە بەشدار بێت لە سەرخستنی پرۆسەی سەردانەکەدا.

لە کۆتایی راگه‌یندراوه‌كه‌دا‌ هاتوووە کە لامی ڕێنمایی داوەتە لیژنەی بەدواداچوون تاوەکو سەرپەرشتیکردنی مەیدانی بۆ کارەکانی سەرجەم لیژنە کاراکان لە بەغدا و پارێزگاکان چڕتر بکەنەوە، و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پلانە خزمەتگوزارییەکان بکەن و هەر ئاستەنگێک یەکسەر چارەسەر بکەن، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ سەردانیکارانی چلەی ئیمام حسێن (سڵاوی خوای لێ بێت).