بەغدا - INA
وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە، تێکدانی ٤ تۆن پارچە مریشکی بەرهەمهێنراوی تورکیای ڕاگەیاند؛ بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ تایبەتمەندییە پێوەریییەکانی عێراق لە دەروازەی سنووریی وەلید.
نووسینگەی ڕاگەیاندن و ڕێنمایی ڤێتێرنەری، لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه: "فەرمانگەی ڤێتێرنەری، کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ناردراوێک لە ماددەی پارچە مریشکی بەرهەمهێنراوی تورکیای لە کەرەنتینەی ڤێتێرنەری لە دەروازەی سنووریی وەلید تێکدا؛ بەهۆی سەرپێچیکردنی تایبەتمەندییە پێوەریییەکانی عێراق و یاساکانی تەندروستی گشتی."
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری، محەممەد عەزیز میاحی - بەپێی ڕاگەیەندراوەکە - جەختی کردەوە کە "کارمەندانی ڤێتێرنەری لە دەروازەی سنووریی وەلید هەستان بە تێکدانی بارێک لە پارچە مریشک بە بڕی ٤ تۆن؛ ئەمەش بەهۆی بەسەرچوونی نیوەی ماوەی بەکارهێنانی لە بەرواری بەرهەمهێنانییەوە و تەواونەبوونی ڕەزامەندییە ڕەسمییەکانی تایبەت بە هاوردەکردن، کە دەیکاتە نەگونجاو بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ و نەگونجاو لەگەڵ تایبەتمەندیی پێوەریی عێراقی ژمارە (١٨٤٧)ی تایبەت بە ماوەی بەکارهێنانی ماددە خۆراکییەکان."
میاحی وتیشی "بڕیاری تێکدانەکە بەپێی تایبەتمەندییە پێوەرییە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە هاوردەکردن و بە مەحزەری فەرمیی دروست و بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی هەریەک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکان، دەستەی گشتیی گومرگ، بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی سنووریی وەلید، شعبەی کەرەنتینەی ڤێتێرنەری لە دەروازەکە، پۆلیسی گومرگ و نووسینگەی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقی لە دەروازەکە بەڕێوەچوو."
بەڕێوەبەری گشتی ئهوهیش وت "سەرجەم کارمەندانی ڤێتێرنەری و پاڵپشتیکار لە فەرمانگەکەی بەردەوامن لە کارکردن بە شێوەی شەوانەڕۆژی، وەک بەربەستێکی بەهێز ڕادەوەستن بۆ ڕێگریکردن لە چوونەژوورەوەی ماددە خۆراکی و ئاژەڵییە خراپبوو و بەسەرچووەکان بۆ ناو وڵات؛ بە مەبەستی پاراستنی تەندروستیی هاوڵاتیی عێراقی و بەهێزکردنی ئابووریی نیشتمانی."

