بەغدا – INA

وەزارەتی کار و کۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، شمولکردنی تەواوی تۆمارکراوانی بنکەی زانیارییەکانی دەستەی مافەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی بە ئیمتیازی دابەزاندنی کرێی خوێندن ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "دەستەی مافەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و پێداویستییە تایبەتەکان لە وەزارەتی کار و کۆمەڵایەتی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەستی کردووە بە شمولکردنی تەواوی تۆمارکراوانی بنکەی زانیارییەکانی دەستەکە بە ئیمتیازی دابەزاندنی کرێی خوێندن بە ڕێژەی (٥٠٪) لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکاندا، بۆ ئەو کەسانەی سوودمەندن لە مووچەی بەخێوکەری تەرخانکراو (المعين المتفرغ)، و ئەوانەی بڕیاری تەرخانکردنی فەرمانبەرییان (التفرغ الوظيفي) دەیانگرێتەوە، و پێشکەشکارە نوێیەکان کە هێشتا کارت (کی کارد)یان بۆ دەرنەکراوە، سەرەڕای تەواوی ئەو کەسانەی خاوەنی بڕیاری پزیشکی کاران و لە دەستەکە تۆمارکراون."

سەرۆکی دەستەکە، زەکرا عەبدولڕەحیم، ڕوونیکردەوە کە "سوودمەندبوون لەم ئیمتیازە مەرجدارە بەوەی ڕێژەی پەککەوتوویی جێگیرکراو لە بڕیارە پزیشکییە کاراکەدا لە (٧٥٪) کەمتر نەبێت، و قوتابییەکە یان یەکێک لە کەسوکارە پلە یەکەکانی (باوک، دایک، برا، یان خوشک) بە فەرمی لە ناو بنکەی زانیارییەکانی دەستەکەدا تۆمارکرابێت."

داواشی لە "تەواوی ئارەزوومەندانی سوودمەندبوون لەم ئیمتیازە کرد کە سەردانی بارەگای سەرەکی دەستەکە بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی نوسراوی پشتگیریی فەرمی کە شایستەیی یاساییان دەسپەلمێنێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ پێشکەشکردنی بە زانکۆ یان کۆلێژی پەیوەندیدار."

ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌ "ئەم ڕێکارە بۆ جەختکردنەوەیە لەسەر هەوڵی بەردەوام بۆ بەهێزکردنی پشتبەستنی کۆمەڵایەتی و سووککردنی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی خێزانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لەبەر پەرۆشیی دەستەکە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی پشتیوان و هاندەر بۆیان."