پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا، هۆشداری دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەوەی ئەگەر جارێکی دیکە کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز بکاتە ئامانج، ئەمەریکا "دە هێندە توندتر" هێرشی دەکاتە سەر.

هێگسێت ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی سپی بەشداری لە دیداری سەرۆک دۆناڵد ترامپ لەگەڵ سەرۆکی لوبنان جۆزێف عەون کرد.

سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە دەربڕینی پشتیوانی لە حکومەتی لوبنان، هەروەها ئاماژەی دا بە زیانەکانی ئێران بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئەمەریکا. ڕایگەیاند، "دەیان ساڵیان پێویستە بۆ بونیادنانەوەی وڵاتەکەیان، ڕەنگە نەشتوانن بونیادی بنێنەوە. ئەگەر لەگەڵتان ڕاستگۆ بم، هەتا ئێستا بەخۆشی مامەڵەمان لەگەڵیان کردووە، ‌هێشتا هیچیان نەبینیوە."

دواتر وەزیری جەنگی ئەمەریکا، پاڵپشت بە لێدوانەکەی ترامپ، ئاماژەی دا بەوەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بریتی بووە لە زیادکردنی توانای سەربازیی خۆی. گوتی ئێران ویستویەتی هەمان ڕێڕەوی کۆریای باکوور بگرێتە بەر، "بەڵام دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە بەرامبەر ئەم ڕەوتە وەستاوەتەوە و هێشتاش لەسەر هەمان هەڵوێستە."

هێگسێت جەختی کردەوە لەوەی حکومەتی ئەمەریکا چەندین دەرفەتی داوەتە کۆماری ئیسلامی هەتا گفتووگۆ بکات و پیشان بدات کە لەبارەی تەنگەی هورموزەوە هەڵسوکەوتێکی "بەرپرسانە و ژیرانە" دەگرێتەبەر. هۆشداریشی دا، "ئەگەر بیانەوێت تەقە لە کەشتییە بازرگانییەکان بکەن، وەک سەرۆک کۆمار وتوویەتی، ئێمە بە هێزێکی دە هێندە زیاتر لێیان دەدەین."

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هێگسێت وتی هەڵسوکەوتی ڕژێمی ئێران چارەنووسی گفتوگۆکان دیاریدەکات.

ئەو وتی ئەگەر کۆماری ئیسلامی خوازیاری گفتوگۆ بێت، ئەو هەڵبژاردەیە هەیە، ئەگەر نا، "دەبێت ڕووبەڕووی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ببێتەوە."

هێگسێت لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا بۆ هەردوو ئەگەری بەردەوامبوونی ڕێگای دیپلۆماسی یان هەنگاوی سەربازی تەواو ئامادەن.