سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی لوبنان جۆزێف عەون کۆبووەوە، لەکاتێکدا ئەمەریکا لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ چەسپاندنی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و لوبنان.
له دیدارەکەدا سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەوانانی گوت لەگەڵ هاوتا لوبنانییەکەی پرسی ئاسایشی باشووری لوبنان تاوتوێ دەکەن.
ترامپ هەروەها ئامادەیی ئەمەریکای دووپات کردەوە بۆ هەوڵەکانی لە باشترکردنی دۆخی ئاسایش و ئابووریی گشتیی لوبنان.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "یارمەتی لوبنان دەدەین، زۆر یارمەتی دەدەین...کێشەیەکی زۆریان بۆ چارەسەر دەکەین، هەتا ئێستا کێشەی زۆرمان بۆیان چارەسەر کردووە. کێشەی حزبوڵا لەوێ هەیە، لەوێ هەندێک هەنگاومان ناوە کە پێموایە لەلایەن جیهانەوە جێگەی پێزانین بووە."
لای خۆیەوە سەرۆکی لوبنان سوپاسی ترامپی کرد بۆ "ڕۆڵی پێشەنگی" لە پشتیوانی ڕێککەوتنی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل.
سەرۆک عەون ئاماژەی دا کە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە "دەستکەوتێکی مێژووییە."



