وەزیری بازرگانی عێراق مستەفا نزار عانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند سەردانی شاندی حکومەتی عێراق بۆ ئەمەریکا بووەتە هۆی بونیادنانی بناغەی "هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و قووڵ" لە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتدا.

هەفتەی ڕابردوو شاندێکی باڵای عێراق بە ڕێبەرایەتی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی سەردانی ئەمەریکای کرد. ڕۆژی 14ـی مانگ سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی میوانداری عەلی زەیدی کرد. 17ـی مانگیش لوتکەی بازرگانی ئەمەریکا-عێراق ڕێکخرا، کە تێیدا چەندین گرێبەستی بازرگانی بە بەهای زیاتر لە 60 ملیار دۆلار واژۆ کران.

وەزیری بازرگانی عێراق کە ئەندامێکی شاندەکە بوو، ئاماژەی دا بەوەی وەزارەتەکەی چەند ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا کردووە لە بواری بیناسازی و گواستنەوە و ئۆتۆمبێل بۆ پاڵپشتی جووتیارانی عێراق. هەروەها لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمەریکا گفتوگۆ کراوە لەسەر میکانیزمی کاراکردنی کۆمیسیۆنێکی هاوبەش بۆ ئاسانکاری کارکردنی وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی لە عێراق.

مستەفا نزار عانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەم سەردانە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا، کە بناغەی هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و قووڵ و فرەلایەنی ئابوورییە لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بەتایبەتی لە کەرتەکانی وزە و نەوت و کارەبادا."

وەزیری بازرگانی عێراق جەختی کردەوە لەوەی حکومەتی ئێستای عێراق سەرنجی خستووەتە سەر ئاسانکاری وەبەرهێنان لە ڕێگای سادەکردنەوەی ڕێساکان و هەموارکردنەوەی زۆرێک لەو یاسا ئابوورییانەی دەبنە لەمپەر لەبەردەم وەبەرهێنەرانی بیانی. لەو چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی پڕۆژەیاسای 'چاکسازی لە یاسای ئابووری' ـیە، بۆ پێداچوونەوە بە یاساکانی باج و گومرگ و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان.

مستەفا نزار عانی وتی، بەمەبەستی پاراستنی هاووڵاتیان و بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی وەک سپیکردنەوەی پارە، وەزارەتەکەی پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی دامەزراندووە.

وتیشی، "چیتر پێویست ناکات سەردانی باڵیۆزخانەکانی عێراق یان نوێنەرایەتییە بازرگانییەکان بکرێت، ئەم پرۆسەیە تەنها چەند خولەکێکی دەوێت و خزمەتێکی گەورەیە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر فەرمانبەران و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی."

بە گوتەی وەزیری بازرگانی عێراق، کۆی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئەمەریکا ئێستا زیاتر لە هەشت ملیار دۆلارە.

سەرەڕای ئاستەنگەکانی بەهۆی قەیرانی ئاسایشی گەرووی هورمز و شەڕی ناوچەکە سەریان هەڵداوە، بەڵام گەشبینە بەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئەمەریکا لە قۆناغی داهاتوودا "بەشێوەیەکی بەرچاو" زیاد دەکات، ئەمەش دوای تاوتوێکردنی دەرفەتە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ سەرۆک ترامپ.

مستەفا نزار عانی داوای لە کەرتی تایبەتی ئەمەریکا کرد کە چالاکانە بەشداری لە پێشانگای نێودەوڵەتی بەغدا بکەن، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دەرفەتەکانی بواری وزە، نەوت، گاز، بەرگری و ئاسایشی ئەلیکترۆنی.