بەغدا - INA - ئامنە سەلامی

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆ،جەختی کردەوە کە توندوتیژی بەرامبەر منداڵان تاوانێکە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگە دەگەیەنێت و ئەنجامدەرانی لە لێپرسینەوەی یاسایی ڕزگاریان نابێت، هاوكات ئاماژەی بەوەشکرد کە پاراستنی منداڵان پابەندبوونێکی یاسایی و ئەخلاقییە و ئاگادارکردنەوەی دەستبەجێ بەشدار دەبێت لە ڕزگارکردنی منداڵ لە مەترسییەکی حەتمی، و داوای کرد کە حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی منداڵان دەستبەجێ لە ڕێگەی هێڵی فریاکەوتنی (911)ەوە ڕابگەیەنرێن.

وتەبێژی وەزارەت، عەقید محەممەد عەلی حەسۆن، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی دەکاتەوە کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر منداڵان، جا چ جەستەیی بێت، دەروونی، سێکسی، یان لە ڕێگەی پشتگوێخستن و ئیستغلالکردنەوە بێت، پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای یاسا و بەها مرۆییەکانە، و تاوانێکە کە دەست دەبات بۆ ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگە پێش ئەوەی بەر قوربانییەکە بکەوێت"، جەختیشی کردەوە کە "وەزارەت ڕێگە نادات هیچ تێوەگلاوێک لە لێپرسینەوەی یاسایی ڕزگاری بێت، ئیتر سیفەت یان بارودۆخی هەرچییەک بێت".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "وەزارەتی ناوخۆ لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی خۆی لە پاراستنی کۆمەڵگەدا، بەردەوامە لە خستنەگەڕی سەرجەم توانایە ئەمنی و لێکۆڵینەوەییەکانی خۆی بۆ چاودێریکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی منداڵان و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بە خێرایی و توندی، لەپاڵ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە دادوەری و پسپۆڕەکاندا، بۆ مسۆگەرکردنی دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ منداڵان، دادپەروەری بۆ قوربانییەکان و لێپرسینەوە لە دەستدرێژیکاران بەپێی یاسا".

ڕوونییشی کردەوە کە "وەزارەت باوەڕی وایە پاراستنی منداڵ تەنها وەڵامدانەوەیەک نییە بۆ ڕووداوێکی کاتی، بەڵکو سیاسەتێکی ئەمنی و مرۆیی چەسپاوە، بۆیە کار دەکات بۆ بەهێزکردنی سیستمی خۆپاراستن لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، و چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی ڕۆشنبیری لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنەوە، لەپاڵ ڕوونکردنەوەی کاریگەرییە مەترسیدارەکانی توندوتیژی خێزانی و میکانیزمەکانی خۆپاراستن لێی، و چەسپاندنی کولتووری ڕێزگرتن لە مافەکانی منداڵ وەک بنەمایەک بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئارام و سەقامگیر".

حەسۆن تێبینیی ئەوەشی خستە ڕوو کە "وەزارەتی ناوخۆ داوا لە سەرجەم هاوڵاتییان دەکات بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانی خۆیان هەڵگرن و بێدەنگ نەبن لەبەردەم هەر حاڵەتێکی توندوتیژی یان بێڕێزیکردندا، و دەستبەجێ لە ڕێگەی هێڵی فریاکەوتنی (911) یان بنکەکانی پۆلیسەوە زانیاری بدەن، چونکە خێرایی لە ئاگادارکردنەوەدا بەشدار دەبێت لە ڕزگارکردنی منداڵ لە مەترسییەکی حەتمی، و ئامێرە پسپۆڕەکان توانا دەکات بۆ دەستێوەردانی دەستبەجێ بە مەبەستی پاراستنی و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تاوانباران".

ئەوەشی خستە ڕوو کە "پاراستنی منداڵان بژاردە نییە، بەڵکو پابەندبوونێکی یاسایی و ئەخلاقییە کە قابیلی سازشکردن نییە، و سەروەریی یاساش لە پاراستنی لاوازترین توێژەکانی کۆمەڵگەوە دەستپێدەکات کە لە پێشەنگیاندا منداڵانن"، دووپاتیشی کردەوە کە فەرماندەییەکە ڕێنماییداوە بەوەی کە "وەزارەتی ناوخۆ وەک بەربەستێکی پۆڵایین دەمێنێتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کەسێکدا کە هەوڵبدات زیان بە سەلامەتییان بگەیەنێت یان مافەکانیان پێشێل بکات، و هیچ کات چاوپۆشی ناکات لە ڕاوەدوونانی هەر کەسێک کە توندوتیژی دەکاتە ئامرازێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵیدا، چونکە ئاسایشی منداڵان بریتییە لە ئاسایشی نیشتمان و داهاتووی".