بەغدا – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،لیژنەی دارایی پەرلەمان،ڕایگەیاند کە یاسای پێدانی مۆڵەتی پێنج ساڵ بە فەرمانبەران، دوای ڕەچاوکردنی تێبینییەکانی ئەندامانی لیژنەکە، ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە بۆ ئەوەی بخرێتە خشتەی کارەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : "لیژنەی دارایی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی عەدی عەواد و بە ئامادەبوونی ئەندامانی، کۆبوونەوەیەکی بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارە یاساییەکان ئەنجامدا.
بەگوێرەی بەیاننامەکە : لیژنەکە جەختی لەسەر گرنگیی بایەخدانی پێویست بە سەرجەم یاساکان و گوێگرتن لە پێشنیارەکانی بەڕێزان ئەندامانی لیژنەکە سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاساکە بەپێی گونجانی ، بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی بگونجێت و پێداویستییە دارایی و ئابورییەکانی وڵات دەستەبەر بکات.
بەیاننامەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو : کە لیژنەکە تاوتوێی پێشنیاری یاسای وەبەرهێنانی ساڵی 2026 و ئەگەری هەموارکردنەوەی پێویستی بۆ کرد، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە کرێی ئەو زەویانە هەیە کە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تەرخانکراون، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان و زیادکردنی داهاتی نانەوتی و پاڵپشتیکردنی بودجەی گشتی.
وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە : لیژنەکە بڕیاریداوە یاساکە بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی وەبەرهێنان تاوتوێ بکات، بەمەبەستی پێگەیشتنی یاساکە و ئاگاداربوون لە ئەزموونی وڵاتانی دراوسێ، بە ئامادەبوونی شارەزایانی بواری وەبەرهێنان.
هەر لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە : لیژنەکە یاسای بەخشین و هاوکارییەکانی ساڵی 2026 و کاریگەری دارایی و خەمڵاندنی دانەوەی قەرزەکانی تاوتوێ کرد، بەشێوەیەک کە پارەی بەردەوام مسۆگەر بکات، لەگەڵ تاوتوێکردنی یاسای پێدانی مۆڵەتی پێنج ساڵ بە فەرمانبەران بۆ ساڵی 2026، بەهۆی کاریگەرییەکەی لە سووککردنی بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ فەرمانبەران لە کەرتی تایبەتدا.
لیژنەکە ڕوونیشیکردەوە : کە لە ناوخۆیدا دەنگی داوە لەسەر ناردنی یاسای قەرز و بەخشین و هاوکارییەکانی ساڵی 2026 بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، دوای بانگهێشتکردنی بەڕێوەبەری گشتی قەرزی گشتی لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی و بانکی ناوەندی، هەروەها ناردنی یاسای پێدانی مۆڵەتی پێنج ساڵ بە فەرمانبەران دوای ڕەچاوکردنی تێبینییەکانی ئەندامانی لیژنەکە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی بخرێنە خشتەی کاری ئەنجومەنەوە بەمەبەستی خوێندنەوەی یەکەم.
هەروەک لیژنەکە بڕیاریداوە یاسای دامەزراندنی کەسوکاری ئەوانەی زەوی کشتوکاڵییان بە گرێبەست بەخشیوە، بنێرێت بۆ خوێندنەوەی یەکەم دوای بانگهێشتکردنی وەزارەتی دارایی و تاوتوێکردنی کێشەکانی پەیوەست بەم بابەتە، لەگەڵ بانگهێشتکردنی بەڕێوەبەری گشتی خانووبەرەی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی پێشنیاری یاسای ڕێکخستنی فرۆشتنی پشکی دەوڵەت لە زەوییەکان بە خاوەن مافی بەکارهێنان (حقوق التصرف).
