هەولێر - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی بۆ ئەو هەڵمەتە دووپاتکردەوە کە لەم دواییانەدا عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستیپێکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکییە بۆ پشتیوانیکردنی بەغدا لەم ئەرکەدا، ئەوەش دەبێتە هۆی باشترکردنی دۆخی ئابووری و سیاسی و ئەمنی لە سەرانسەری عێراقدا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی، تیایدا هاتووە
"مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، پڕۆژەی ئاوی ستراتیژیی (بارزان)ی کردەوە، کە ئاوی خواردنەوە بۆ نزیکەی 53 گوندی سنووری قەزاکانی مێرگەسۆر و خەلیفان و ئاکرێ و چەندین گوندی دەوروبەریان دابین دەکات.
بارزانی لە گوتارەکەیدا لە رێوڕەسمی کردنەوەکەدا وتی: ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی دیدگای فراوانی حکومەتە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێم بەبێ جیاکاری.
ئاماژەی بەوەشکرد : پڕۆژەکە بەتەواوی بە شارەزایی ناوخۆیی جێبەجێکراوە و یەکێکە لە پڕۆژەکانی ئاسایشی ئاو لە سەرانسەری کوردستان، بەتایبەتی لە هەولێر.
هەروەك ستایشی هۆشیاری ژینگەییی دانیشتوانی ناوچەکەی کرد لە پاراستنی دارستان و ژیانی کێوی وەک میراتێکی کولتووریی ڕەسەن کە پێویستە پارێزگاری لێ بکرێت، لەگەڵ دەستگرتنەوە بە بەکارهێنانی ئاودا.
سەبارەت بە پەیوەندییە ئێستایان لەگەڵ بەغدا، بارزانی بە ئاستێکی زۆر باش" وەسفی کرد و جەختی لە پشتیوانیی بەردەوامی حکومەتی هەرێم بۆ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و حکومەتەکەی کردەوە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور، بەشێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان وەک هەموو عێراقییەکان دابین بکرێت و کۆتایی بە سیاسەتەکانی پێشوو بهێنرێت کە پشت بە جیاکاری لەنێوان هەرێم و پارێزگاکانی دیکە دەبەستێت.
هەروەک دووپاتی کردەوە لە پشتیوانیی هەرێم بۆ ئەو هەڵمەتەی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لەم دواییانەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستیپێکردووە و بە هاوبەشێکی سەرەکی هەرێمی زانی بۆ پشتیوانیکردنی بەغدا لەم ئەرکەدا کە دەبێتە هۆی باشترکردنی دۆخی ئابووری و سیاسی و ئەمنی لە سەرانسەری عێراقدا.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمیش، بارزانی، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لایەنێک نییە لە ململانێ و جەنگەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نایەوێت تێوەگلێت، هەروەک ئیدانەی هێرش و بۆردومانە بەردەوام و بێ پاساوەکانی کرد کە دەکرێتە سەر هەرێم،و داواشیکرد ئەو دەستدرێژییانە ڕابگیرێن کە زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆش، داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کرد بەرژەوەندییە باڵاکانی هاووڵاتیان و قەوارەی دەستووریی هەرێم بخەنە پێش بەرژەوەندییە حزبی و شەخسیەکان،و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و نەهێشتنی لەوەی ببێتە بارمتە بەدەستی هیچ هێزێک بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی کەسی یان پەکخستنی خزمەتگوزارییەکان.
بارزانی دووبارە دەستی هاوبەشی و هاوپەیمانی بۆ سەرجەم لایەنەکان درێژ کرد لەم بارودۆخە هەستیارەدا بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە دەستوورییەکان،و هەروەک جەختیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی یەک لە دوای یەک بووەتەوە و بەسەریاندا سەرکەوتووە، وەڵامی کردەییشی بۆ سەرجەم تەنگوژە و نەیاران هەمیشە لە ڕێگەی دەروازەی ئاوەدانی و پڕۆژە ستراتیژییەکان و هەر شتێک بووە کە خزمەتی هاووڵاتیان بکات.

