پێش بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ئێران هێرشی درۆنی کردە سەر بارەگای سوپای میللی کوردستان لە چەمشار لە نزیک دارەشەکرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، کە بارەگای پارتی ئازادی کوردستانە و بەو هۆیەشەوە 8 پێشمەرگە بریندار بوون.
ئەدیب خالیدیان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی ئازادی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت،" هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدراوە، ژمارەی بریندارەکان زیاتربوون لە 8کەس، بەڵام بەهۆی سووکی برینەکەیانەوە بەشێکیان هەر لە بارەگاکە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە."
وتیشی،" ئێستا هەشت پێشمەرگەکە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشکیدان، بەڵام بەداخەوە برینی چواریان سەختە."
وێڕای هێرشەکەی سەر پارتی ئازادی، شەوی ڕابردوو ئێران چەندین هێرشی درۆنی کردە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، کە بە قسەی دەزگا فەرمیەکانی هەرێم، تەنها لە هەولێر زیاتر لە دە هێرشی درۆنی لەلایەن سیستەمی بەرگری هاوپەیمانانەوە تێکشکێنراون. ئەمە جگەلەوەی هێرش کرایە سەر هەریەکە لە ناوچەکانی ئاکرێ و ڕەواندووز.


