بەغدا - INA

ئەمڕۆ شەممە حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەو ڕێككەوتنانەی لەگەڵ واشنتۆن واژۆ كراون، نوێنەرایەتی گۆڕانێكی چۆنایەتی دەكەن لە سروشتی هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریكا، پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بەرز دەكاتەوە بۆ ئاستێكی ئابووری ستراتیژی درێژخایەن لەسەر بنەمای ڕاكێشانی وەبەرهێنانی كوالیتی و گواستنەوەی شارەزایی و تەكنەلۆژیا.

عەبودی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند : ئەو ڕێككەوتن و یاداشتانەی لێكتێگەیشتن لە نێوان كۆماری عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا واژۆ كراون، كورتەیەك لە دیدگای ئابووریی ستراتیژیی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیران و بەرجەستەكردنی گرنگی ئاراستە و ڕێڕەوی بڕیارەكانی حكومەتی عێراق لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی عێراق و دەستەبەركردنی ڕێڕەوی سەلامەت بۆ سامانی نیشتمانی.

ئاماژەی بەوەشكرد : لەسەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن، سەرۆك وەزیران ئەو دۆسیانەی هەڵبژارد كە زۆرترین پەیوەندییان بە ئەولەویەتەكانی گەشەپێدانی ئابووری عێراقەوە هەیە، لە پێش هەموویانەوە كەرتی وزە و پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە نەوت و گاز و پاڵپشتیكردنی پڕۆژەكانی ژێرخانی ئابووری و فراوانكردنی هاوكارییەكان لە بوارەكانی تەكنەلۆجیا و كەرتی داراییدا.

ووتیشی : حكومەتی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە ئەم لێكتێگەیشتنانە نوێنەرایەتی گۆڕانكارییەكی چۆنایەتی دەكەن لە سروشتی هاوبەشی لەگەڵ ئەمریكا، لە هاوكاریی ئاساییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاستێكی ئابووری ستراتیژی درێژخایەن لەسەر بنەمای ڕاكێشانی وەبەرهێنانی كوالیتی، گواستنەوەی شارەزایی و تەكنەلۆژیا، بەهێزكردنی كەرتی تایبەت، دروستكردنی دەرفەتی نوێی گەشەكردن، و بەهێزكردنی پێگەی عێراق وەك ناوەندێكی ئابووری چالاك لە ناوچەكەدا.

ئاماژەی بەوەشكرد : ئەم لێكتێگەیشتنانە ڕەنگدانەوەی دیدێكی هاوبەشە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەكی سەقامگیر و هاوسەنگ لەنێوان عێراق و ئەمریكادا، كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و بەرزكردنەوەی كاریگەریی عێراق وەك هاوبەشێكی كارا لە ئابووری جیهانیدا.