نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و بانکی ناوەندی عێراق گەیشتوونەتە چەن لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە بواری داراییدا، لەو چوارچێوەیەدا حەوت بانکی عێراق دەتوانن مامەڵە بە دۆلاری ئەمەریکایی بکەن.

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند لێکتێگەیشتنەکە لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی ئەم هەفتەیەی شاندی عێراق بووە بۆ واشنتن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بانکی ناوەندی عێراق پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوونی هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی سەرجەم بانکەکانی عێراق و بەهێزکردنی چوارچێوەی چاودێری بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونی بەردەوام بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و پێداویستییەکانی بەڕێوەبردن، ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر."

لە بەیاننامەیەکی تردا، سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی ئەم لێکتێگەیشتنەی نێوان وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و بانکی ناوەندی عێراقی بە "هەنگاوێکی گرنگ" دانا بۆ چاکسازی لە سیستەمی بانکی عێراق و گرێدانی بە سیستەمی دارایی جیهانییەوە.

عەلی زەیدی ڕایگەیاند ئەم هەنگاوە "نیشانەی سەرکەوتنی ئەو ئاراستەیەیە لە چاکسازی دارایی کە حکومەت پەیڕەوی دەکات، وە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی متمانە بە کەرتی بانکی لە عێراق و ئاسۆکان واڵا دەکات بۆ گەشەی ئابووریی نیشتیمانی و وەبەرهێنان."

لە چوارچێوەی ئەنجامەکانی سەردانی شاندی عێراق بۆ ئەمەریکا، وەزارەتی وزەی ئەمەریکا ئەنجامدانی گرێبەستی بە بەهای 60 ملیار دۆلار لە نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان ڕاگەیاند.

وەزیری وزەی ئەمەریکا، کریس ڕایت، ڕۆژی هەینی سەبارەت بەم گرێبەستانە ڕایگەیاند، "قوڵبوونەوەی هاوکارییەکانی ئەمەریکا و عێراق لە بواری وزەدا، داهاتوویەکی پارێزراوتر و ئاوەدانتر و وزەی زۆرتر بۆ ئەمەریکا و عێراق و جیهان دەستەبەر دەکات."