بەدواداچوون – INA

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردووە کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا تەنها سنووردار نین بە ژینگە و کەشوهەوا،بەڵکو کاریگەری خستۆتە سەر خەوتنیش،چونکە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە شەودا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ژمارەی کاتژمێرەکانی خەوتن لای ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا.

توێژینەوەکە، کە لەلایەن ڕێکخراوی "کڵایمەت سەنتراڵ" (Climate Central)ەوە ئامادە کراوە، دەریخستووە کە تاک لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2025 بە تێکڕا نزیکەی 56 کاتژمێر خەوی بەهۆی شەوانی گەرمەوە لەدەست داوە، ئەمەش یەکسانە بە نزیکەی حەوت شەوی تەواوی خەوتن.

توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم دیاردەیە بەراورد بە دەیەکانی ڕابردوو زیاتر ڕوون بووەتەوە، چونکە ڕێژەی لەدەستدانی خەو کە پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای شەو هەیە، لە زۆربەی ئەو شارانەی توێژینەوەکە گرتوویەتییەوە ،کە ژمارەیان لە 1300 شار زیاتر بوە لە سەرانسەری جیهاندا.

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەرزترین ڕێژەی لەدەستدانی کاتژمێرەکانی خەوتنیان تۆمار کردووە، بە جۆرێک تێکڕای لەدەستدانەکە لە نێوان 55 بۆ 91 کاتژمێردا بووە لە ساڵێکدا، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە شەودا.

داتاکان نیشان دەدەن کە دانیشتوانی شارەکان لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەهۆی گەرمای شەو نزیکەی 46 کاتژمێر خەویان لە ساڵێکدا لەدەست دەدا، پێش ئەوەی ئەو ژمارەیە لە دەیەی دووەمی هەزارەدا بەرزبێتەوە بۆ نزیکەی 50 کاتژمێر، و پاشان لە ساڵانی دواییدا بگاتە 56 کاتژمێر، لەگەڵ زیاتربوونی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا.

لە ئەوروپا،و شارەکانی باشووری کیشوەرەکە لە لیستی ئەو شارانەی زۆرترین کاریگەریان لەسەر بووە لە پێشەوەن، کە شاری ناپۆلی ئیتاڵی نزیکەی 51 کاتژمێر لەدەستدانی خەوی لە ساڵێکدا تۆمار کردووە، دوای ئەو ئەسینای پایتەختی یۆنانە کە بە 45 کاتژمێر،و پاشان ڤالێنسیای ئیسپانی بە 42 کاتژمێر دێن،لە کاتێکدا دانیشتوانی لیشبۆنە و مارسیلیا نزیکەی 40 کاتژمێر خەویان لە ساڵێکدا لەدەست داوە.

سەبارەت بە شارەکانی باکووری ئەوروپاش،ئەوان کەمترین کاریگەرییان لەسەر بووە، بە جۆرێک تێکڕای لەدەستدانی خەو لە ئەدینبەرە گەیشتووەتە 21 کاتژمێر، و لە ستۆکهۆڵم و هێلسینکی 20 کاتژمێر،

لە کاتێکدا ئۆسلۆ کەمترین ڕێژەی بە نزیکەی 18 کاتژمێر لە ساڵێکدا تۆمار کردووە.

توێژەران ڕوونیان کردووەتەوە کە جەستە بۆ چوونە ناو قۆناغەکانی خەوی قووڵ و گەڕاندنەوەی چالاکییەکانی پشت بە دابەزینی پلەی گەرما لە شەودا دەبەستێت، بەڵام بەردەوامی کەشوهەوای گەرم ڕێگری لەم پرۆسەیە دەکات، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر حەسانەوەی جەستەیی و هزری دەبێت.

کەمخەوی پەیوەندی هەیە بە زیادبوونی مەترسی تێکچوونی باری دەروونی،و لاوازی سەرنج و بیرەوەری، و کەمبوونەوەی بەرهەمداری،جگە لە بەرزبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لاوازبوونی توانای کۆئەندامی بەرگری.

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەساڵاچووان، بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە 65 ساڵ تێپەڕیوە، زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە بەهۆی گەرمای شەو، هەروەها کاریگەرییەکان لەو وڵاتانەی داهاتیان مامناوەند و کەمە بەراورد بە وڵاتە دەوڵەمەندەکان دوو هێندە دەبێت.

هەروەک دەرکەوتووە کە ژنان و دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لە بنەڕەتدا گەرمێنن، تووشی کاریگەری گەورەتر دەبن، ئەمەش پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئاستی جیهانیدا و فراوانبوونی دیاردەی "گەرمی" (Urban Heat Island) لە ناو شارەکاندا زیاتر ببێت.