هەولێر – INA

دوای ئەوەی بەهۆی هەڕەشەی ئەمنی،کۆمپانیای داناغاز ناچار بە ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر بوو، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی بڕی 2500 مێگاوات کارەبا، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ هەینی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەیان خستۆتە ڕوو ، کە ڕێوشوێنی بەپەلەیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە گرتووەتەبەر.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە : تیمێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەت ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و ئەو بڕە کارەبایەی لەبەردەستدایە، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و ڕێکخراو بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بکرێت.

هاوکات تیمێکی تایبەتی کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم بە شێوەیەکی چڕ و بەردەوام چاودێری پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا دەکات.

سەبارەت بە دابینکردنی غازی شل (LPG) بۆ بەکارهێنانی ماڵان، هەردوو وەزارەت هاوڵاتییانیان دڵنیا کردەوە کە هیچ قەیرانێک ڕوونادات. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت،ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی عێراقی بەدەستهێناوە بۆ دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەی غازی ماڵان، هەر ئەمڕۆش چەندین تەنکەری غاز بەرەو شارەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتوون.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەیاندا ، هەردوو وەزارەت جەختیان لەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەخەنە گەڕ بۆ گەڕانەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر بە زووترین کات و ئاساییکردنەوەی دۆخی وزە لە هەرێمی کوردستان.