بەغداد – INA

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەخت لە گرنگیی بنیاتنانی هاوبەشیی ستراتیژیی درێژخایەن لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی وزە لە جیهاندا دەکاتەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە لە شاری هیوستن، لەگەڵ نوێنەرانی چەندین کۆمپانیای گەورەی وزەی جیهانی کۆبۆوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئاسۆکانی فراوانکردنی هاوکاری و وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا، ئەمەش لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "کۆبوونەوەکان نوێنەرانی کۆمپانیاکانی (هالیبەرتۆن، شێڵ، هانیوێڵ، وێزەرفۆرد، و بەیکەر هیوز)یان گرتەوە، کە تێیدا دەرفەتەکانی هاوکاری لە بوارەکانی پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز، و سوودوەرگرتن لە شارەزایی و تەکنەلۆجیا هاوچەرخەکانی ئەو کۆمپانیایانە تاوتوێ کران."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی بنیاتنانی هاوبەشیی ستراتیژیی درێژخایەن لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی وزە لە جیهاندا کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی عێراق بەردەوامە لە ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەباری سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان، و ئامادەیە سەرجەم ئاسانکارییە پێویستەکان پێشکەش بکات بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان لە عێراقدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەت بایەخێکی گەورە بە پەرەپێدانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی گاز، زیادکردنی بەرهەمهێنان و بەهێزکردنی ئەو پیشەسازییانە دەدات کە پەیوەستن بە کەرتی وزەوە، بە شێوەیەک کە هاوکار بێت لە پاڵپشتیکردنی ئابووری نیشتمانی.

لەلایەن خۆیانەوە، نوێنەرانی کۆمپانیاکان ئارەزووی خۆیان بۆ فراوانکردنی کارەکانیان لە عێراق دەربڕی و ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی وزەدا، بەتایبەتی پڕۆژەکانی نەوت و گاز، هاوکات متمانەی خۆیان بەو توانستە گەورانە دەربڕی کە عێراق هەیەتی و ئەو دەرفەتە وەبەرهێنانانەی کە لەوێدا بەردەستن.