بەغداد – INA
سەرۆک کۆمار، نزار ئامێدی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی کردەوە کە ڕۆشنبیری هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بنیاتنانی مرۆڤ و چەسپاندنی پایەکانی دەوڵەتی دیموکراسی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە تێیدا هاتووە ، نزار ئامێدی لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی گشتیی ئەدیب و نووسەرانی عێراق و ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران کرد.
لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار باسی لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە کرد و جەختی لە "گرنگیی هەماهەنگیی سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و لەپێشخستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات" کردەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە عێراق لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەدوور بگرێت، تاوەکو سەروەری و ئاسایشی نیشتمانیی بپارێزرێت و ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەپێدان بڕەخسێت.
سەبارەت بە کایەی ڕۆشنبیری، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو فەزای ئازادییەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق ڕەخساوە، دەرفەتی بۆ داهێنەران خوڵقاندووە تاوەکو بە ئازادانە دیدگاکانیان بخەنە ڕوو، جەختیشی لە پاراستنی ئەم ئازادییانە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا کردەوە. گوتیشی: "یەکێتی و سەندیکا و کۆمەڵە ڕۆشنبیرییەکان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەرشانە بۆ پاراستنی ئازادیی ئەدەبی و فکری و قووڵکردنەوەی بەهاکانی هاووڵاتیبوون."
نزار ئامێدی ئامادەیی سەرۆکایەتی کۆماری دەربڕی بۆ پشتگیریکردنی دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بە "خەڵاتەکانی ساڵانەی دەوڵەت بۆ داهێنان" بە مەبەستی ڕێزلێنان لە کەسایەتییە دیارە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان، و گوتی: "ڕۆشنبیری یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی بنیاتنانی دەوڵەت و جێگیرکردنی ڕێڕەوی دیموکراسی."
لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار ستایشی ڕۆڵی ئەدیب و نووسەرانی کرد لە پاراستنی شوناسی نیشتمانی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی. لای خۆشیانەوە، ئەندامانی شاندی میوان سوپاسی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ بایەخدانی بە کایەی ڕۆشنبیری و پاراستنی مافی داهێنەران.

