بەغداد - INA
وەزیری کشتوکاڵ عەبدولڕەحیم شمەری لەگەڵ هاوتا لوبنانییەکەی نیزار هانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، باسیان لە ئاسۆکانی هاوکاری هاوبەشی نێوان ئەندامانی ڕێککەوتننامەی چوارقۆڵی کرد کە جگە لە عێراق، هەریەک لە سووریا، لوبنان و ئوردن لەخۆدەگرێت.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "وەزیری کشتوکاڵ عەبدولڕەحیم شمەری لە ڕێگەی پەیوەندییەکی ئەلیکترۆنیی دوورەوە، لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی لوبنان نیزار هانی کۆبووەوە".
له بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی ئاسۆکانی هاوکاری هاوبەش کرا، بەتایبەت ڕێککەوتننامەی چوارقۆڵی کە عێراق، سووریا، لوبنان و ئوردن لەخۆدەگرێت و ئامانج لێی بەدیهێنانی گەشەپێدانی کشتوکاڵی بەردەوامە لە وڵاتانی ئەندامدا".
ئاماژەی بەوەشکرد: "وەزیری کشتوکاڵ باسی لە ئەگەری هاوردەکردنی میوە و دەستپێکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا لوبنانییەکان، و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بوارەکانی کەرەنتینەی کشتوکاڵی و ئەو تۆوانەی بەرگەی وشکەساڵی دەگرن، و هەروەها لە بواری ڤێتێرنەری و کشتوکاڵی زیرەکدا کردووە".
بەیاننامەکە رونیشیكردەوە: "بانگهێشتنامەیەک ئاڕاستەی وەزیری کشتوکاڵ کراوە بۆ سەردانیکردنی کۆماری لوبنان؛ بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و دەستپێکردنی هاوکاری هاوبەش لە بوارە کشتوکاڵییەکاندا".



