بەغداد - INA

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا، رایگەیاند: حکومەت بەردەوامە لە بەرنامەکەی بۆ چاکسازیی ئابووری و بوژاندنەوەی ئەو کەرتانەی کە سەرنجی وەبەرهێنان ڕادەکێشن

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا، لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە "براین ماست" و ئەندامانی لیژنەکە لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات کۆبووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا.

بەیاننامەكە راشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی داڕشتنی دیدگاگەلی هاوبەش و بنیادنەر کرا بۆ هەنگاوەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لەسەرجەم ئاست و بوارە جیاوازەکاندا، کە تیایدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە، کە حکومەت بەردەوامە لە بەرنامەکەی بۆ چاکسازیی ئابووری، و بوژاندنەوەی ئەو کەرتانەی کە سەرنجی وەبەرهێنان ڕادەکێشن، سەرەڕای بەهێزکردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانمان و پەیڕەوکردنی ڕێبازی نەهێشتنی هیچ چەکێک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدا.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رونیشیكردەوە: کە حکومەت بەردەوامە لە گرتنەبەری ڕێڕەوێکی پەیوەندیی دەرەکیی هاوسەنگ، و بەهێزکردنی ژینگەی گونجاو بۆ وەبەرهێنان، و چاکسازی و پەرەپێدانی کەرتە دارایی و بانکییەکان کە ڕێگە خۆش دەکەن بۆ کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی زیاتر لە عێراقدا.

لای خۆیانەوە، ئەندامانی لیژنەی کاروباری دەرەوە جەختیان لەسەر پشتگیریکردنی تەواوی هاوبەشییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ عێراق کردەوە، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی هەردوولا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، و فراوانکردنی وەبەرهێنان و هاوبەشییە ئابوورییەکان و هاوبەشییەکانی دابینکردنی دارایی لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، و جەختیان لەسەر گرنگیی ئەو ڕۆڵە میحوەرە کردەوە کە عێراق دەیگێڕێت لە چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.