سلێمانی – INA
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، مەراسیمی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە بە فەرمی بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی" بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی، و ژمارەیەک لە وەزیران و بەرپرسانی باڵا و نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەکان.
پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی جەختیکردەوە کە ناونانی فڕۆکەخانەکە بە ناوی جەلال تاڵەبانی نیشانەی وەفادارییە بۆ ڕۆڵە نیشتمانی و تێکۆشەرانەکەی، ئاماژەی بەوەشکرد کە ناوبراو بەردی بناغەی فڕۆکەخانەکەی داناوە و دەستی بەکارکردنی کردووە، و پەرۆش بووە بۆ پەرەپێدانی.
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەشكرد: بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئیحسان عەوادی وتاری سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی خوێندەوە، هاوکات جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقی ئەمجەد جبووری وتارێکی پێشکەش کرد، کە تێیدا ستایشی ئەم هەنگاوەیان کرد و هاوکات ستایشی ئەو ڕۆڵەیان کرد کە سەرۆکی کۆچکردوو لە بنیادنانی عێراقی نوێدا گێڕاویەتی.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، باڵیۆز محەمەد سابیر، لە وتارێکدا لە میانی مەراسیمەکەدا ڕایگەیاند: گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە ڕەهەندێکی نیشتمانی قووڵی هەیە، وەک ڕێزگرتنێک لە ڕۆڵی سەرۆکی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی لە مێژووی عێراق و خەباتی لە پێناو دیموکراسیدا، و ستایشی هاوکارییەکانی حکومەتی فیدراڵی و بەتایبەتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد لە تەواوکردنی ڕێکارەکاندا.
گۆڕینی ناوەکە دوای هەوڵێکی نزیکەی چوار ساڵەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی هات، کە نوێکردنەوەی نامەنووسییە فەرمییەکان، نەخشەکانی گەشتە ئاسمانییەکان و بەڵگەنامە تەکنیکییە پەسەندکراوە نێودەوڵەتییەکانی گرتەوە، لەگەڵ هێشتنەوەی کۆدە تایبەتەکانی فڕۆکەخانەکە وەک خۆی.



