بەغداد- INA

ئەمڕۆ سێشەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەستگیرکردنی تۆڕێکی ڕێکخراوی سەرانەسەندنی ئەلیکترۆنی ڕاگەیاند کە ژنیشیان لەنێواندایە لە قەزای بەلەدرووزی سەر بە پارێزگای دیالە.

ئاسایشی نیشتمانی لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "لەسەر بنەمای سکاڵایەکی پێشکەشکراو لەلایەن هاووڵاتییەکەوە سەبارەت بە هەبوونی تۆڕێک، مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای دیالە توانیان تۆڕێکی ڕێکخراوی سەرانەسەندنی ئەلیکترۆنی هەڵبوەشێننەوە کە لە قەزای بەلەدرووز چالاک بوون."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌: "تۆڕەکە پشتی بە ڕاکێشان و خەڵەتاندنی قوربانییەکان بەستووە، پاشان لە ڕێگەی وێنەگرتنیانەوە سەرانەی داراییان لێ سەندوون بەرامبەر بە بڵاونەکردنەوەی ئەو بابەتانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا."

له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌: "دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی یاسایی لە دادگا، مەفرەزەکانی دەزگاکە بۆسەیەکیان نایەوە کە بووە هۆی دەستگیرکردنی تۆمەتباری یەکەم بە شێوەی سوورماچ (کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە) لە کاتی وەرگرتنی بڕی (٤) ملیۆن دیناری عێراقی لە قوربانییەکە، و لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی ئەو، تۆمەتباری دووەمیش کە ژنێک بوو ئاشکرا کرا و لە شوێنی خۆیدا دەستگیرکرا."

دەزگاکە ڕوونیشی کردەوە کە "لە لایەن هەردوو تۆمەتبارەکەوە دەست بەسەر ئەو مۆبایلەدا گیرا کە لە پرۆسەکانی سەرانەسەندنەکەدا بەکارھاتبوو، جگە لەو ئۆتۆمبێلەی کە بۆ جێبەجێکردنی تاوانەکە سوودی لێ بینرابوو، و هەردوو تۆمەتبارەکە لەگەڵ سەرجەم کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەپێی یاسا."