بەغداد – INA
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە سەردانەکەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بۆ واشنتن وەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دێت، ئاماژەی بەوەش دا کە نەخشەڕێگەیەکی نوێی هاوکاریی ئەمنی بۆ قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دادەمەزرێنرێت. هاوکات ڕوونیشیکردەوە کە بڕیاری سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پشتگیرییەکی ڕەهای جەماوەری و پابەندبوونێکی تەواوی بە ڕێنماییەکانی مەرجەعییەتی باڵاوە هەیە.
نوعمان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "سەردانی شاندی حکومەتی عێراقی باڵا بۆ واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان عەلی فالح زەیدی، وەرچەرخانێکی ستراتیژی و مێژووییە کە سیمای داهاتووی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکێشێت، و ئامانج لێی گواستنەوەیەتی بەرەو ئاسۆیەکی نوێ لە هاوبەشیی بەردەوام و هاوسەنگ کە ڕێز لە سەروەریی نیشتمانیی هەردوولا بگرێت."
وتیشی: "ئەو دانوستانانەی ئێستا لە واشنتن و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بەڕێوەدەچن، لە زەمینەیەکی ئەمنیی بەهێز و جێگیرەوە سەرچاوە دەگرن کە بەهۆی قوربانییە ئازاکان و دەستکەوتە مەیدانییە گەورەکانی هێزە چەکدارە قارەمانەکانمانەوە بەدیهاتوون. ئەمەش بینینێکی ڕوون و پێگەیەکی پتەو دەبەخشێتە شاندی دانوستانکاری عێراقی بۆ دامەزراندنی نەخشەڕێگەیەکی نوێی هاوکاریی ئەمنی بۆ قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کە بە شێوازێکی پسپۆڕانە لەسەر بەهێزکردنی توانای پڕچەککردن و تەکنیکی، پەرەپێدانی بەرنامەکانی مەشق و ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕی هەواڵگری بنیات دەنرێت، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ئامادەیی هێزەکانی عێراق و توانایان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحدییاتەکان."
سەبارەت بە بڕیاری سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، نوعمان جەختی کردەوە کە "کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بڕیارێکی سەروەریی تەواو عێراقییە، و پشتیوانییەکی ڕەهای جەماوەری و پابەندبوونی تەواوی بە ڕێنماییەکانی مەرجەعییەتی باڵای ئاینییەوە هەیە"، ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەم دۆسیەیە لە لوتکەی کارە لەپێشینەکان و ئەو پابەندبوونانەدایە کە سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی گرتوویەتیە ئەستۆی خۆی بۆ جێگیرکردنی پایەکانی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوە دەستوورییە تۆکمەکان."
نوعمان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "ئەو سەقامگیرییە ئەمنییە گشتگیرەی وڵات بەخۆیەوەی دەبینێت بەهۆی دیدگای سیستماتیکی حکومەتەوە، بووەتە بنکەیەکی پتەو و قەڵغانێکی سەروەریی پارێزەر بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و کۆمپانیا گەورە جیهانییەکان"، ڕوونیشیکردەوە کە "ئەمە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدار دەبێت لە گواستنەوەی ڕێڕەوی گفتوگۆی دووقۆڵی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و دۆسییە بەپەلەکانەوە، بەرەو ئاسۆی گەشەپێدانی گشتگیر و هاوبەشیی ستراتیژیی بەردەوام، کە پاراستنی تەواوی سەروەریی عێراق و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و گەشەسەندن بۆ گەلەکەی دەستەبەر دەکات."


