بەغداد – INA

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی لە پلانەکانی حکومەت کردەوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو لە ماوەی سێ ساڵدا، هاوکات داوای لە بازرگانانی عێراقی بە گشتی و کریستیانەکان بە تایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کە وەبەرهێنان لە عێراقدا بکەن.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، پێشوازی لە چەند نوێنەرێکی ڕەوەندی عێراقی و بازرگانانی عێراقی لە ویلایەتی میشیگانی ئەمریکا کرد."

ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە میانەی دیدارەکەدا، بارودۆخی ڕەوەندی عێراقی و ئاسۆکانی پەرەپێدانی بەشدارییان لە پرۆسەی گەشەپێدان و وەبەرهێنان لە عێراقدا خرایەڕوو، لەگەڵ ئەو دەرفەتانەی کە عێراقییەکانی نیشتەجێی دەرەوە دەتوانن لە ڕێگەیانەوە بەشدار بن لە هەمەجۆرکردنی ئابووری عێراقدا."

سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە "حکومەت لە فرەیی کولتووری و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق وەک سەرمایەیەکی مرۆیی نیشتمانی دەڕوانێت، چ لە ناوخۆی وڵات بێت یان لە دەرەوە؛ و داواشی لە بازرگانانی عێراقی بە گشتی، و کریستیانەکان بە تایبەتی، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کە وەبەرهێنان لە بوارە بەپیتەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی و کەرتی بەرهەمە نەوتییەکاندا بکەن،" و هاوکات پلانەکانی حکومەتیشی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو لە ماوەی سێ ساڵدا دووپات کردەوە.

هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە گەڕانەوەی خێزانە کریستیانە عێراقییەکان کرد بۆ نیشتمانی ڕەسەنی خۆیان و بەشداریکردنیان لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا، لەگەڵ بەهێزکردنی دەرفەتەکانی کردنەوەی لقی بانکە ئەمریکییەکان لە عێراقدا؛ جەختیشی لەوە کردەوە کە "حکومەت لای خۆیەوە پابەندە بە پاراستنی بوونی مێژوویی ئەو پێکهاتە بنەڕەتییانەی کە تەواوکەری تابلۆی برایانەی پێکهاتەکانی عێراقن."

لای خۆشیانەوە، نوێنەرانی ڕەوەندی عێراقی ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ چوونە ناو بازاڕی عێراق و بەستنی هاوبەشی بەرهەمدار لە نێوان کۆمپانیا ئەمریکییەکان و هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت لە عێراقدا، بە جۆرێک کە پاڵپشتی لە هەمەجۆرکردنی ئابووری عێراق و هاوکاری لە سەرجەم بوارە ئابوورییەکاندا بکات.