بەغداد – INA - ئیناس فازڵ
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەت ، گرنگترین ئەو تەوەرانەی ئاشکرا کرد کە ئهمڕۆ سێشەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە واشنتۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاووتوێیان دەکات.
عەبوودی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، رۆژی دووشهممه گەیشتە واشنتۆن و چەندین دۆسیەی ستراتیژی لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان و گەشەپێداندا لەگەڵ خۆی بردووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم تەوەرانە بەشێکن لە دیدگای حکومەتی عێراق لە کارنامەی وەزارەتەکەیدا بۆ بەهێزکردنی کایە ئابوورییەکان و پتەوکردنی بوارەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری لە ژینگەی عێراقدا."
وتیشی: "گرنگترین ئەو تەوەرانەی کە سبەی سێشەممە لەسەر مێزی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەبن، لە ئاستی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵاتدا ڕەچاو دەکرێن؛ ئەمەش لەم قۆناغەدا بە گرنگترین هەنگاو دادەنرێت بەرەو بەهێزکردنی ئەم هاوبەشییە و گواستنەوەی لە قۆناغی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و بوونی ئەمنییەوە بۆ کایە و پانتایی ئابووری، کە پاڵنەر و ڕەهەندێکی ستراتیژی بەردەوام بەم پەیوەندییە دەبەخشێت."
پێشتر لەمڕۆدا، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەستپێکردنی سەردانە فەرمییەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگەیاندبوو.
نووسینگەکە لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، رۆژی دووشەممە، لەسەروبەندی شاندێکی فەرمی باڵادا، دەستی بە سەردانێکی فەرمی کرد بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە ئەمەش یەکەمین سەردانی دەرەوەیەتی لە دوای پێکهێنانی حکومەتەکەیەوە."
ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەم سەردانە کە لەسەر بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام دراوە، ئامانجی پەرەپێدانی ڕەوتی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا، بەهێزکردنی هاوبەشی ئابووری و گەشەپێدان، ڕاکێشانی وەبەرهێنان، و فراوانکردنی بەشداری کۆمپانیا ئەمریکییەکانە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخاندا؛ جگە لە پەرەپێدانی کەرتەکانی وزە، نەوت و گاز، بەرزکردنەوەی توانای نیشتمانی لە بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان و پیشەسازییە پێترۆکیمیاییەکان، و پاڵپشتیکردنی کەرتە بەرهەمهێنەرەکان بەجۆرێک کە بەشدار بێت لە هەمەجۆرکردنی ئابووری نیشتمانی."
ئەوەشی خستەڕوو کە "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە میانەی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکادا، لەگەڵ دیدارەکانی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگەی کار و ئابووری ئەمریکا، کۆمەڵێک دۆسیەی ستراتیژی دەخاتەڕوو کە ئامانجیان چەسپاندنی بنەماکانی هاوبەشی ستراتیژی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات."


