بەغداد – INA

لیژنەی باڵای سەردانە ملیۆنییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێنماییدا بە پەیڕەکردنی نەرمی لە پلانەکاندا و دوورکەوتنەوە لە سەربازیکردنی ناوچەکان لە کاتی دابینکردنی ئاسایشی سەردانی چله‌ی ئیمام حوسێندا (سڵاوی خوای لێبێت).

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "فەریق یەکەمی ڕوکن قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکی لیژنەی باڵای سەردانە ملیۆنییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی کرد لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد؛ ئەمەش بە مەبەستی گوێگرتن لە کورتەی تایبەت بە پلانی ڕێکخستن و هەماهەنگی کە لە ماوەی یادکردنەوەی سەردانی چله‌ی ئیمام حوسێندا (سڵاوی خوای لێبێت) جێبەجێ دەکرێت. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد، فەرماندەکانی پۆلیسی کەرخ و ڕەسافە، فەرماندەکانی فیرقەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی، فەرماندەکانی دەستەی حەشدی شەعبی، ئاژانسە هەواڵگرییەکان، وەزارەت و فەرمانگە خزمەتگوزاری و تەندروستییەکان (لەوانەش وەزارەتەکانی گواستنەوە، تەندروستی، بازرگانی و کارەبا) و پارێزگای بەغداد، لەگەڵ نوێنەرانی وەقفی شیعی، مەزارگەی پیرۆزی کازمێن و بەڕێوەبەری قەزاکانی بەغداد بەڕێوەچوو."

راگه‌یندراوه‌كه‌ ئاماژەی بەوەش کردووە: "سەرۆکی لیژنەی باڵای سەردانە ملیۆنییەکان چەندین ڕاسپاردەی گرنگی ئاراستە کردن، کە لە پێشەنگیاندا دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان و هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش بوو لە نێوان هەردوو کەرتی ئەمنی و خزمەتگوزاریدا؛ بەو پێیەی پایتەخت (بەغداد) قورساییەکی زۆری هەیە لە ڕووی ژمارەی زیارەتکارانەوە و هاوکات پارێزگایەکە دەکەوێتە سەر سنووری هاوبەش لەگەڵ پارێزگای بابل."

بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌، محەمەداوی جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی پلانەکان بەپێی کەرتەکان هاوتەریب لەگەڵ دەستپێکردنی هەوڵە خزمەتگوزارییەکان کردەوە، و داوای تەرخانکردنی سەرجەم سەرچاوەکانی کرد بۆ سەرخستنی ئەم بۆنە مەزنە کە ملیۆنان کەس یادی دەکەنەوە. هەروەها ڕێنماییدا بە دابینکردنی پاسەکانی گواستنەوە و مسۆگەرکردنی هاتوچۆیان بۆ ئاسانکاری پرۆسەی گواستنەوەی زیارەتکاران بە نەرمی دڵنیاییەکی بەرزەوە.

هاوکات جەختی لەسەر پشکنینی ئەمنی، ئارامی نواندن لە پلانەکاندا، دوورکەوتنەوە لە سەربازیکردنی ناوچەکان، و پاراستنی ڕەوتی ئاسایی هاتوچۆی کۆمەڵە زیارەتکارەکان لە پایتەختەوە بەرەو کەربەلای پیرۆز کردەوە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی مەفرەزەکانی هاتووچۆ، بەرگری شارستانی و تەندروستی لەسەرجەم ئەو ڕێگایانەی کە سەرەخۆشیکەران پێیدا تێپەڕ دەبن و لە نزیک مۆکبەکانی ئیمام حوسێن.

هەر بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین سەرنج و گفتوگۆ لەلایەن ئامادەبووانەوە خرانەڕوو، و کۆبوونەوەکەش بە چەندین ڕاسپاردە کۆتایی هات کە ئامانجیان پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییە بە زیارەتکاران بە شێوەیەکی ئاسان و بێ هیچ ئاستەنگێک، بەتایبەتی لە ڕۆژانی لوتکەی بەڕێکەوتنی لێشاوی ملیۆنی زیارەتکاراندا.