بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دەستپێکردنی سەردانێکی فەرمی لەلایەن سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند.

نووسینگەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووة، ئاماژەی بەوەشکردووە: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ دووشەممە، لەسەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی و باڵادا، سەردانێکی فەرمی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێکرد، کە ئەمە یەکەمین سەردانی دەرەوەیەتی لە دوای پێکهێنانی حکومەتەوە".

ڕوونییشی کردەوە کە "سەردانەکە کە لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ هاتووە، ئامانج لێی پەرەپێدانی ڕێڕەوی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا، بەهێزکردنی هاوبەشیی ئابووری و گەشەپێدان، ڕاکێشانی وەبەرهێنانەکان، و فراوانکردنی بەشداریی کۆمپانیا ئەمریکییەکانە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخاندا، سەرەڕای پەرەپێدانی کەرتەکانی وزە، نەوت و غاز، و بەرزکردنەوەی توانای نیشتمانی لە بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان و پیشەسازییە پێترۆکیمیاییەکاندا، لەپاڵ پاڵپشتیکردنی کەرتە بەرهەمهێنەرەکان بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە هەمەجۆركردنی ئابووری نیشتمانیدا".

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەمیانی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ و بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکادا، هاوکات لەگەڵ دیدارەکانی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگەی بازرگانی و ئابووری ئەمریکیدا، کۆمەڵێک دۆسیەی ستراتیژی دەخاتە ڕوو کە ئامانجیان چەسپاندنی بنەماکانی هاوبەشیی ستراتیژی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات".