سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە بەرنامەی بەیانیانی فۆکس نیوز لەسەر ئێران و چەندین بابەتی دیکە قسەی کرد.

سەرۆک ترامپ لە بارەی ئێرانەوە گوتی ''شەوی ڕابردوو زۆر بە توندی لێمان دان. هەر جارێک درۆنێکیان ناردبێت، بە توندی لێمان داون.''

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان خاوەنی قسەی خۆیان نین. سەرباری ئەوەی دەیان جار ڕێککەوتنیان کردووە، بەڵام هەمیشە قسەی خۆیان دەشکێنن.

لە بارەی گەرووی هورمزەوە گوتی ''ئێمە گەرووەکە بەڕێوە دەبەین و لەوانەیە ببینە فریشتەی پاراستنی گەرووی هورمز و بۆ ئەمەش دەبێت گەلانی ئەوێ خەرجییەکان دابین بکەن. دەوڵەتانی ئەوێ هەموویان دەوڵەمەندن و نابێت چاوەڕوانی ئەوەمان لێ بکەن کە بەخۆڕایی بیانپارێزین.''

لە درێژەی قسەکانیدا دۆناڵد ترامپ گوتی ''پەنجا ساڵە ئێمە پاسەوانی گەرووەکە دەکەین و لە بەرانبەردا هیچمان وەرنەگرتووە و ئەوان پارەیان پێ پەیدا کردووە. بەڵام لەمەودوا دەبێت بەرانبەر ئەو کارەی بۆ پاراستنی ئەوان دەیکەین، خەرجیی پێویست دابین بکرێت.''

هەروەها، دووبارە ترامپ باسی مەترسییەکانی سەر ژیانی خۆی کرد و هێرشەکەی بەتلەر، پێنسلڤانیای بەبیر هێنایەوە و گوتی ''خوا منی پاراست.''