بەغدا _ INA

ئەمڕۆ دووشەممە ، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، عەدنان فەیحان دلێمی، جەختی کردەوە کە عێراق گرنگییەکی یەکجار زۆر بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست دەدات، و ئیرادەی هەیە بۆ پەرەپێدانی لایەنەکانی هاوکاری لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، عەدنان فەیحان دلێمی، پێشوازی لە کاربەڕێکاری شانشینی نەرویج لە عێراق، ئەلیکساندەر لێرفڵ و شاندی هاوڕێی کرد، بە مەبەستی تاووتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی لەسەر گۆڕەپانی ناوخۆیی، و ئەو ئاڵۆزییانەی ناوچەکە بەخۆیەوەیان دەبینێت لەگەڵ ڕەنگدانەوەکانیان لەسەر ئاسایش و ئاشتیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی".

فەیحان بەپێی ڕاگەیەندراوەکە جەختی کردەوە کە "عێراق، لە سۆنگەی ڕێبازی خۆیەوە لە پشتبەستن بە سیاسەتێکی دەرەکیی هاوسەنگ، گرنگییەکی یەکجار زۆر بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست دەدات، و ئیرادەی هەیە بۆ پەرەپێدانی لایەنەکانی هاوکاری لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا، بە جۆرێک کە ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەی وڵات بێت بەرەو کرانەوە بەڕووی بازاڕەکانی ئەوروپادا لە چوارچێوەی دیدگای خۆی بۆ هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت"، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە "پەرۆشە بۆ فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ نەرویج لە بوارە جیاجیاکاندا، بە شێوازێک کە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان".

لەلایەن خۆیەوە، کاربەڕێکاری نەرویجی – بەپێی ڕاگەیەندراوەکە – ستایشی "ئەو پێشکەوتنە ئەرێنییانەی عێراق کرد کە لەسەر ئاستەکانی سیاسی و گەشەپێدان بەخۆیەوەیان دەبینێت"، پەرۆشیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ "بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە عێراقییەکاندا، و پەرەپێدانی هاوبەشیی دوو قۆڵی بە جۆرێک کە خزمەت بە هەوڵەکانی بونیادنان و گەشەپێدان بکات، و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر بکات".