بەغدا ـ INA

ئەمڕۆ دووشەممە ، سەرۆک کۆمار، نزار ئامێدی، جەختی کردەوە کە سەقامگیریی ناوچەکە، کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "سەرۆک کۆمار، نزار ئامێدی، ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەممووزی 2026، لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە باڵیۆزی شانشینی ئوردنی هاشمی لە عێراق، ماهیر تەراونە کرد"، و ڕوونی کردەوە کە "لە میانی دیدارەکەدا، تاووتوێی دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی ئەمنی و ئابووری لە ناوچەکەدا کرا، لەگەڵ ڕێگاکانی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاریی دووقۆڵی نێوان عێراق و شانشینی ئوردنی هاشمی لە بوارە جیاجیاکاندا، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوو وڵات و هەردوو گەلی برا بکات".

سەرۆک کۆمار بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، جەختی لەسەر "گرنگیی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، و چڕکردنەوەی هەماهەنگی و ڕاوێژکاری لە نێوان شەریکە هەرێمییەکاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکانی ئێستا" کردەوە، هاوكات ئاماژەی بەوەشکرد کە "سەقامگیریی ناوچەکە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە".

لای خۆشییەوە، باڵیۆز تەراونە شانازیی وڵاتەکەی بەو پەیوەندییە برایانەیەوە دەربڕی کە لەگەڵ عێراقدا کۆیان دەکاتەوە، و جەختی لە "پەرۆشیی شانشینی ئوردنی هاشمی کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەدیبهێنێت و پاڵپشتیی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکات".