بەغدا - INA
سەرۆکی یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، جانی ئینفانتینۆ ڕاگەیاند، کە یەکێتییەکە دوای کۆتاییهاتنی ڕکابەرییەکانی خولی ئێستای پاڵەوانێتییەکە، تاووتوێی ڕاسپاردەی زیادکردنی ژمارەی هەڵبژاردە بەشداربووەکان لە کۆتاییەکانی جامی جیهانیی 2030 بۆ 64 هەڵبژاردە دەکات.
ڕاپۆرتە میدیاییەکان لە زاری ئینفانتینۆوە بڵاویانکردەوە کە "ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە بە بەشداریی 64 هەڵبژاردە، لە نێو ئەو بابەتانەدا دەبێت کە دوای داگرتنی پەردە لەسەر جامی جیهانی، لە ناو لێژنە پسپۆڕەکاندا تاووتوێ و گەنگەشەی لەسەر دەکرێت".
جامی جیهانیی 2026 کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، یەکەم خولە لە مێژووی پێشبڕکێیەکەدا کە بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە ڕێکبخرێت، دوای ئەوەی پاڵەوانێتییەکە لە نێوان ساڵانی 1998 تاوەکو 2022 تەنیا بە 32 هەڵبژاردە سنووردار بوو.
بڕیاریشە ڕکابەرییەکانی جامی جیهانیی 2030 بە ڕێکخستنی هاوبەش لە نێوان مەغریب، پورتوگال و ئیسپانیادا بەڕێوەبچێت، لەگەڵ میوانداریکردنی یارییەکانی ئاهەنگگێڕان لە ئۆرۆگوای، ئەرژەنتین و پاراگوای، هاوکات لەگەڵ سەدەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا)، ئەلیکساندەر چیفرین، ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بەو ڕاسپاردەیە نوێکردەوە و وەک "بیرۆکەیەکی خراپ" پێناسەی کرد، هاوكات جەختی لەوە کردەوە کە پشتگیری لە فراوانکردنی پاڵەوانێتییەکە بۆ 64 هەڵبژاردە ناکات.



