بەغداد - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، عادل ركابی ، پەرلەمانتاری کوتلەی "سادقون"، دیارترین ئەو بەڵگەنامانەی ئاشکرا کرد کە لە ڕێگەیانەوە بە شێوازی غیابی، لێپرسینەوەی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا کردووە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە چەندین دۆسیە لە دەستەی وەبەرهێنان دەستنیشانکراون کە گومانی گەندەڵییان لێدەکرێت.
ركابی لە میانی بەرنامەی "المشهد"دا کە لە سەر شاشەی کەناڵی (العراقية الإخبارية) پێشکەش دەکرێت و ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بڵاویكردهوه و تێیدا ڕایگەیاند:"لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا، بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنت کۆکراونەتەوە کە سەرپێچی لە دۆسیەی وەبەرهێنانی عێراقدا دەسەلمێنن،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "چەندین دۆسیە لە دەستەی وەبەرهێنان دەستنیشانکراون کە گومانی گەندەڵییان لێدەکرێت."
وتیشی "لە هەندێک پڕۆژەی وەبەرهێناندا زیان بە دەوڵەت و هاووڵاتی گەیشتووە،" و جەختیشی کردەوە کە "ناکۆکی هەیە لە بەخشینی مۆڵەت بە پڕۆژەی (ڕیکسۆس) لە دڵی ناوچەی سەوزدا."
ڕوونیشی کردەوە کە "کێشەکە لە ڕادەستکردنی بنەڕەتی سەرمایەکانی دەوڵەتدایە لە ڕێگەی وەبەرهێنانی بێسوودەوە،" ئاماژەی بەوەش دا کە "مۆڵەتی وەبەرهێنان بەخشراوە سەرەڕای ئەوەی ڕێکارە بنەڕەتییەکانیان تەواو نەکردووە."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان مەتری چوارگۆشەی خانووبەرە بە ملیۆنان دینار دەفرۆشن، لە کاتێکدا تەنها بە چەند هەزارێک لە دەستەکەی بەکرێ دەگرن،" و ئەوەشی خستە ڕوو کە "دەبوو سەرۆکی دەستەکە تەسلیمی گوشارەکان نەبێت و ڕێگە بە تێپەڕاندنی سەرپێچییەکان نەدات."
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "سەرۆکی دەستەکە داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی (دارستانەكانی بەغداد) لە ١٠ ساڵەوە بۆ ١٥ ساڵ درێژ بكاتەوە، و ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە وەبەرهێنانی (سەربازگەی ڕەشید) بەپێی گرێبەستەکە، دوای ١٥ ساڵ جێبەجێ دەکرێت،" ڕوونیشی کردەوە کە "کۆمپانیای (إمكانات) پەردەیەکە بۆ (یەزەن مەشعان) بەپێی زانیارییەکانی دەستەی وەبەرهێنان، بەڵام ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتوون ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمپانیاکە سەر بە کەسانی ترە."
سەبارەت بە زەویی سندوقی شەهیدانی پۆلیس، ركابی ڕوونی کردەوە کە "زەوییەکی سەر بە سندوقی شەهیدانی پۆلیس وەک موڵکی ڕەها لەسەر ناوی کۆمپانیای بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی تۆمارکراوە، بەبێ ئەوەی مۆڵەتی وەبەرهێنانی پێبدرێت،" ئاماژەی بەوەش دا کە "داوایەکی یاسایی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سندی زەوییەکەی سندوقی شەهیدانی پۆلیس."
ئهوهیش وت كه: "زەوی بەخشراوە بە کۆمپانیای (عطاء المعالي) سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتی وەبەرهێنانی نەبووە، و دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە (تاپۆ) لەم بابەتەدا تاوانبارن،" لای خۆشیەوە ڕایگەیاند کە "دۆسیەی بەخشینی زەویی سندوقی شەهیدانی پۆلیس بە کۆمپانیای عطاء المعالي لەبەردەم دادگادایە."
سەبارەت بە پڕۆژەی بەسمایە، جەختی کردەوە کە "کۆمپانیای (هۆنوای) کۆری، ٣٠٪ی پڕۆژەی کۆمەڵگەی بەسمایەی بە پارەی عێراقییەکان جێبەجێ کردووە،" و ئاشکرای کرد کە "دەستەی وەبەرهێنان پارەی دەرەوەی ڕێنماییەکانی بەخشیوە بە کۆمپانیا کۆرییەکە."



