جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس ڕێزی لە لینزی گراهم گرت و ستایشی ژیان و سەرکردایەتی و کاریگەرییەکەی لە سیاسەتی ئەمەریکادا کرد دوای کۆچی دوایی ئەو سیناتۆرە کۆمارییە.
ڤانس لە تۆڕی ئێکس، ژیانی گراهمی بە چیرۆکێکی سەرکەوتنی "بنەڕەتی ئەمەریکایی" وەسفکردووە و دەڵێت "لە سەرەتایەکی سادەوە هاتووە و بووەتە یەکێک لە بەهێزترین یاسادانەران لەنێو بەهێزترین نەتەوەی سەر زەویدا".
هەروەها ڤانس پەیوەندییە کەسییەکانیانی بیر هێنایەوە و دانی بەوەدانا کە زۆرجار ئەو دووانە لەسەر پرسە سەرەکییەکان ناکۆک بوون بەڵام هەمیشە ڕێزی یەکتریان پاراستووە. باسی لە یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوانیان کردووە لەسەر بودجەی ئۆکرانیا و دەڵێت "بیرمە لە کاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا لەگەڵ لینزیدا مشتومڕێکی توندمان کرد سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی ئۆکرانیا"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە دواتر بۆی دەرکەوتووە گراهم " هەوڵی بۆ یاسای هێڵی شەمەندەفەر دەدات کە بەڕاستی لە پشت پەردەوە گرنگیم پێدەدا. ئەوە لیندسی گراهام بوو. ئەو شەڕێکی سەختی دەکرد بۆ ئەو شتانەی کە باوەڕی پێهەبوو."
هەروەها ڤانس ستایشی کەسایەتی گراهمی کرد و بە "کەسایەتییەکی میهرەبان لە سیاسەتەکەماندا" ناوی برد. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سیناتۆرە " باشترین نوکتەچی بوو لە سیناتدا." دەشڵێت " حەزی بە یاری سیاسەت بوو. بەردەوام پرسیاری ئەوەی دەکرد کە کام لە کاندیدەکان لە سەرەوەن یان لە خوارەوە و چۆن دەتوانێت یارمەتی بدات."
ڤانس دەڵێت هەروەکو گراهم دەیگوت " گرنگ نییە تۆ گۆشەگیر بیت یان کەسێکی کۆنەپەرستی ئایینی، بە مەرجێ R (کۆماری) لە تەنیشت ناوەکەتەوە هەبێت، دەمەوێت سەربکەویت."
سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەکانیان، ڤانس وتی هەمیشە سەرسامە بە گراهم، لە کۆتایی ڕێزلێنانەکەیدا دەڵێت "بە دڵنیاییەوە جیاوازیمان هەبوو. بەڵام نەمدەتوانی خۆشم نەوێت. یەکێکە لە کەسایەتییە نمونەییەکانی سیاسەتمان. نزا دەکەم بۆ خۆی و خێزانەکەی."


