بەغدا - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،لیژنەی دارایی پەرلەمان،لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی، تاوتوێی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی، پاراستنی سامانی گشتی و بەرزکردنەوەی ئاستی سیستەمی چاودێری و وردبینیکردنیان کرد.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاندوە : لیژنەی دارایی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار عودەی عەواد و بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، پێشوازییان لە عەممار سوبحی خەلەف ، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی، و ستافی پێشکەوتووی دیوانەکە کرد،بە مەبەستی تاوتوێکردنی واقیعی کاری دیوانەکە و میکانیزمەکانی پەرەپێدانی ڕۆڵی چاودێرییەکەی.

وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە : لیژنەکە گوێیان لە ڕوونکردنەوەیەکی ورد گرت سەبارەت بە چالاکییەکانی دیوانەکە لە سێ ساڵی دارایی ڕابردوودا، و ئەوەی کە لە بواری چاودێری داراییدا ئەنجامدراوە، لەگەڵ خستنەڕووی پلانی داهاتوو و هەوڵەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی،و پاراستنی سامانی گشتی و بەرزکردنەوەی ئاستی سیستەمی چاودێری و وردبینیکردن.

لیژنەکە لەگەڵ سەرۆکی دیوانەکە تاوتوێی ڕۆڵی دیوانی چاودێری داراییان کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی، و ئەو ئاستەنگانەی کە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری هەموارکردنەوەی یاسای دیوانی چاودێری دارایی، بە شێوەیەک کە توانای کارکردنی بەهێزتر بکات و لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستادا بگونجێت.

بەگوێرەی بەیاننامەکە : هەردوو لا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان لیژنەی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی کردەوە، و پێویستیی دابینکردنی پشتیوانیی دامەزراوەیی پێویست بۆ دیوانەکە، بەتایبەتی لە ڕووی دابینکردنی کادر ، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکە چاودێرییەکانی خۆی بە باشترین شێوە ئەنجام بدات، چونکە بە دامەزراوەی باڵای تایبەتمەند بە چاودێریکردنی بەڕێوەبردنە داراییەکان و پاراستنی سامانی گشتی دادەنرێت.

هەروەک باس لە ژمارەیەک پڕۆژەیاسا و پێشنیارەکانی وەزارەتی دارایی کرا، لەگەڵ ئەگەری هەموارکردنەوەی یاسای دیوانی چاودێری دارایی بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی چاکسازیی دارایی و کارگێڕیدا بگونجێت، جگە لە گرنگیی پێکهێنانی تیمێکی کاری هاوبەش لەنێوان لیژنەی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی، بە ئامانجی ئامادەکردنی ژینگەی یاسایی و کارگێڕیی گونجاو بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی دیوانەکە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی، و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان،و دیاریکردنی کەموکورتییەکان و تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕێگرن لە بەدواداچوونی ئاستی کارکردنی وەزارەتەکان و دامەزراوە حکوومییەکان.