بەغداد - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،مەزهەر محەمەد ساڵح ،ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران،، جەختی کردەوە کە داڕشتنی ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ زیادکردنی داهاتە ناوخۆییەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی لامەرکەزییەتی دارایی و کارگێڕی. لەکاتێکدا جەختی لەسەر گرنگی چالاککردنی کۆکردنەوەی رسووماتی خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان کردەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکەوتنی ستراتیژیی زیادکردنی داهاتە ناوخۆییەکان بەستراوەتەوە بە سێ تەوەری سەرەکییەوە.
ساڵح لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) وتی: ستراتیژیی نیشتمانی بۆ زیادکردنی داهاتە ناوخۆییەکان پشت دەبەستێت بە بەرزکردنەوەی کارایی بەڕێوەبردنی داهاتە بەردەستەکان، و فراوانکردنی سەرچاوەکانیان، و سنووردارکردنی بەفیڕۆچوونی دارایی،بەو شێوەیەی کە لەگەڵ بڕگەکانی یاسای پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێم ژمارە (21)ی ساڵی 2008 و هەموارکراوە، و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019ی هەموارکراو دەگونجێت، هەروەها ڕێنمایی حکوومەت بەئاراستەی جێبەجێکردنی بودجە.
ئاماژەی بەوەشکرد : بۆ بەدیهێنانی ئەمە پێویستە بنکەکانی روسومات و کارووباری خانووبەرەکان نوێ بکرێنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ سەرچاوە داراییەکانی خانووبەرە بکرێت بەپێی بنەما یاساییە پەسەندکراوەکان، لەگەڵ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی وەرگرتنی رسووماتی خانووبەرە بە بەکارهێنانی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان، و بە دیجیتاڵکردنی پرۆسەکانی کۆکردنەوە و بەستنەوەی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بە سیستەمەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، بەو شێوەیەی شەفافیەت بەهێز دەکات و سنوور بۆ خۆدزینەوەی دارایی دادەنێت و ڕێکارەکانی پارەدان بۆ هاووڵاتییان ئاسان دەکات.
هەروەک ئاماژەی بە "گرنگی چالاککردنی کۆکردنەوەی رسووماتی خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان کرد، کە خزمەتگوزارییەکانی پاشماوە، و ئاوەڕۆ،و مۆڵەتی بیناسازی و مۆڵەتە جیاوازەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر سەرپێچییەکان، هەروەها زیادکردنی داهاتی ئابووری لە موڵکەکانی پارێزگاکان لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە زەوی و خانووبەرە بەتاڵەکان، و پەیڕەوکردنی شێوازی ڕکابەری و شەفاف لە بەکرێدان و وەبەرهێناندا.
ڕوونیشیکردەوە : کە ڕێکخستنی بەکارهێنانی کێڵگەکانی بەرد و تاشەبەردشکێنەکان و سەرچاوە ناوخۆییەکانی دیکە یەکێکە لە ڕێڕەوە گرنگەکان بۆ بەدەستهێنانی باشترین داهاتی دارایی و جەختی کردەوە کە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێت لە گەشەپێدانی داهاتە ناوخۆییەکان، بەتایبەت لە بەڕێوەبردن و کارپێکردنی بازاڕە ناوەندییەکان و کوشتارگەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەەکانی دیکە.
وتیشی: باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان و ئاسانکردنی ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەت لە ڕێگەی پەنجەرەوە بەشدار دەبن لە ڕاکێشانی وەبەرهێنانە ناوخۆیی و بیانییەکان، و زیادکردنی داهاتە بەدەستهاتووەکان لە رسوومات و چالاکییە ئابوورییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد : داهاتە ناوخۆییەکان بەپێی بڕگەکانی یاسادانانی دارایی کارپێکراو بەڕێوەدەبرێن، و لەناو بودجەی پارێزگاکاندا دادەنرێن بۆ پڕکردنەوەی خەرجییە کارگێڕی و وەبەرهێنانەکان بەپێی ئەو تەرخانکراوانەی دیاریکراون، لەکاتێکدا بەڕێوەبردنی زیادەکان و پارە خەرجنەکراوەکان ملکەچی بڕگەکانی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی دەبن.
ڕاشیگەیاند : داهاتە سیادییەکان، لەوانەش داهاتی نەوت و باجە فیدراڵییە سەرەکییەکان، بە سەرچاوەی فیدراڵی دادەنرێن، خەرجکردنی بەپێی پێوەر و ڕێنماییە یاساییە پەسەندکراوەکان لە نێوان پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن، بەتایبەت پێوەرەکانی هەژاری و ئەوانی دیکە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد : سەرکەوتنی ستراتیژیی زیادکردنی داهاتە ناوخۆییەکان بەستراوەتەوە بە سێ تەوەری سەرەکییەوە کە بریتین لە دیجیتاڵکردنی کۆکردنەوەی داهات و وەرگرتن، و نوێکردنەوەی سەرچاوەکانی داهات، و چاکسازی لە بەڕێوەبردن و وەبەرهێنانی پارە و سامانە گشتییەکان، بەو شێوەیەی بەشدار دەبێت لە بەدیهێنانی سەقامگیری دارایی و بەرزکردنەوەی توانای خەرجییەکان و بەهێزکردنی توانای پارێزگاکان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە گەشەپێدان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر بۆ هاووڵاتییان.



