بەدواداچوون - INA
ئەمڕۆ شەممە فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە و محەممەد ئیسحاق دار هاوتا پاكستانییەكەی جەختیان لەسەر پێویستی پشتیوانی لە هەوڵەكانی نێوەندگیری و دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران و كۆنتڕۆڵكردنی گرژییەكان كردەوە.
ئاژانسی ڕاگەیاندنی سعودیە ( واس) بڵاویكردەوە، فەیسەڵ بن فەرحان بن عەبدوڵڵا وەزیری دەرەوەی سعودیە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی پاكستان، محەمەد ئیسحاق دارەوە پێگەیشتووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە : لە میانی پەیوەندییەكەدا، پێشهاتەكانی ئەم دواییەیان لەژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرژییەكانی ناوچەكەدا تاوتوێ كردووە، جەختیان لەسەر پێویستی پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی نێوەندگیری و دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ئەمەریكا و ئێران و كۆنتڕۆڵكردنی گرژییەكان و خستنەگەڕی هەوڵی پێویست بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەی ئاشتیانە و هەمەلایەنە كردووە كە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەرز بكاتەوە.

