بەغداد - INA
پارێزگاری نەجەفی ئەشرەف یوسف کەناوی، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: ژێرخانی نەجەف گەشەسەندنێکی بەردەوام بەخۆیەوە دەبینێت، هاوکات ئاماژەی بەوەکرد: حکومەتی خۆجێیی کار لەسەر پڕۆژەی دروستکردنی دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەکات.
کەناوی لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی "نقطة شروع" کە لە كەناڵی "عێراقیە نیوز" پێشکەش دەکرێت و ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "پێشبینی دەکرێت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەفی ئەشرەف لە هەفتەی داهاتوودا مۆڵەت لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی وەربگرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد: "فڕۆکەخانەکە 74 سەرپێچی تۆمارکراوی لەسەر بوو، کە سەرجەمیان بەتەواوی چارەسەر کران".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەنجومەنی پارێزگای نەجەفی ئەشرەف بە چالاکی و کارامەیی جیادەکرێتەوە"، جەختیشیکردەوە کە "حکومەتی خۆجێیی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنەکە کار دەکات بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانی پارێزگاکە"، وتیشی: "هەڵبژاردنی هەندێک لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکان بە ڕێککەوتنی سیاسی و بەبێ سەپاندن ئەنجام دەدرێت، و جەختی کردەوە کە ئەوان خاوەن پیشەیین، لەگەڵ بەردەوامبوونی بەدواداچوون بۆ ئەدای کارەکانیان".
کەناوی جەختیکردەوە: "ژێرخانی نەجەف گەشەسەندنێکی بەردەوام بەخۆیەوە دەبینێت"، ئاماژەی بەوەشکرد: "سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی پشتگیری لە دۆسیەی دابەشکردنی زەوی نیشتەجێبوون دەکات و بەشە هەرە زۆرەکەی لەمساڵدا دابەش دەکرێت".
ئاشکراشیکرد: "لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی ئیتاڵی سەردانی نەجەف دەکەن بۆ تاوتێکردنی پڕۆژەکانی ڕیسایکلکردنی پاشماوەکان و پاراستنی ژینگە"، ئەوەشی خستەڕوو کە "ئەو پڕۆژانەی لە پارێزگاکەدا جێبەجێ دەکرێن، لە پشکەکانی ئاسایشی خۆراکەوە تەمویل دەکرێن".
لە دۆسیەی پڕۆژەکاندا، ئاماژەی بە "تەواوبوونی دوو بەش لە پڕۆژەی دەروازەی باشووری پارێزگای نەجەف کرد، لە کاتێکدا دوو بەشەکەی تری هێشتا لە قۆناغی جێبەجێکردندان"، جەختیشی کردەوە کە "پارێزگاکە سەقامگیری سیاسی و خزمەتگوزاری بەخۆیەوە دەبینێت".
ڕوونیشیکردەوە: "حکومەتی خۆجێیی کار لەسەر پڕۆژەی دروستکردنی دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەکات، دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، و ئێستا چاوەڕوانی ڕەزامەندی لایەنی سعوودی دەکرێت".

