بەغداد – INA
چوارچێوەی هەماهەنگی، ستایشی بەشداریی بەرفراوانی عێراقییەکانی کرد لە ڕێوڕەسمی بەڕێوکردنی تەرمی شەهید سەید عەلی خامنەیی و شەهیدانی ئەهلی بەیتەکەی، و جەختی کردەوە کە ئەم ئامادەبوونە بەهاکانی وەفاداری، کەرامەت و پابەندبوون بە بنەما ئایینی و نیشتمانییەکانی بەرجەستە کرد.
چوارچێوەی هەماهەنگی لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه: "عێراقییەکان جارێکی تر سەلماندیانەوە کە ئەوان خاوەن وەفا و کەرامەتن، و گەلێکن هەرگیز ئەوانە لەبیر ناکەن کە لەگەڵیاندا وەستاون و پشتگیرییان لە دۆزەکانیان کردووە؛ بە بەشدارییە بەرفراوانەکەیان و هەستە ڕاستگۆکانیان، باڵاترین واتاكانی وەفادارییان بەرجەستە کرد لە بەڕێوکردنی تەرمی پاکی شەهیدی ئوممەت، ئایەتوڵڵای مەزن سەیدی شەهید عەلی خامنەیی (ڕەزامەندی خوای لێبێت) و شەهیدانی ئەهلی بەیتەکەی."
لە بەشێکی تری راگهیندراوهكهدا هاتووە: "ئەو ئامادەبوونە شکۆدارە و ئەو هەستە ڕاستگۆیانەی کە بەشداربووان دەریانبڕی، ڕەسەنایەتی عێراقییەکان و پابەندبوونیان بە بەها ئایینی، نیشتمانی و ئەخلاقییەکانیان نیشان دەدات، و ڕەنگدانەوەی قووڵایی وەفادارییە بۆ ئەوانەی قوربانییان لە پێناو دۆزەکانی ئوممەتدا داوە."
چوارچێوەی هەماهەنگی سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی ئاراستەی سەرجەم بەشداربووان و هەموو ئەو کەسانە کرد کە بەشداربوون لە ڕێکخستن و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی بەڕێوکردنەکە و ڕووماڵکردنی میدیایی، هەروەها سوپاسی پارێزگاکانی نەجەفی ئەشرەف و کەربەلای پیرۆزی کرد بۆ پێشوازی و ڕێکخستنی شایستە.
راگهیندراوهكه لە کۆتاییدا بە دوعای خێر بۆ ئەوەی خوای گەورە کردەوەی هەمووان قبوڵ بکات و پاداشتی خێریان بداتەوە، کۆتایی هات، شانبەشانی دوعای پاراستنی عێراق و گەلەکەی و بەردەوامبوونی یەکڕیزیی ڕۆڵەکانی لەسەر ڕێگای حەق و دادپەروەری.

