بەغدا –INA
لیژنەی باڵای ئامادەکار بۆ ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە ١٠ ملیۆن کەس لە هەردوو پارێزگای نەجەف و کەربەلا بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی کردووە.
ئیحسان یاسین عەوادی، سەرۆکی لیژنەکە و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە ڕاگەیەندراوێکدا کەبۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: "ئومەی ئیسلامی و جیهان، بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژارەوە، بینەری ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ئایەتوڵڵا شەهید سەید عەلی حوسەینی خامنەیی بوون لە هەردوو پارێزگای پیرۆزی نەجەف و کەربەلا، کە لە کەشێکی پڕ لە شکۆ و غەمدا بەڕێوەچوو."
عەوادی ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەی باڵا لە یەکەم ساتەکانی ڕاسپاردنیانەوە، دیدگایەکی گشتگیریان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکە داڕشتووە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، حکومەتە خۆجێییەکان، مەزارگە پیرۆزەکان (عەلەوی، حوسەینی و عەباسی)، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دەزگا ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان ئەنجام داوە بۆ یەکخستنی هەوڵەکان.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە: "سەرەڕای لێشاوی ملیۆنیی خەڵک لە هەردوو شاری پیرۆز، کە ئامارە سەرەتاییە نافەرمییەکان ئاماژە بە زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس دەکەن، بەڵام پلانەکان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کران و ڕێوڕەسمەکە بە ڕێکخراوەیی و بێ هیچ پێشێلکاری و ڕووداوێکی نەخوازراو بەکۆتا هات."
سەرۆکی لیژنەکە سوپاسی هەموو ئەو دامەزراوە فەرمییانە، مەزارگە پیرۆزەکان، دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بەتایبەت دەستەی حەشدی شەعبی، تیمە تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان، موکێبەکانی حوسەینی و هەزاران خۆبەخشی کرد کە پێکەوە بوونە هۆی سەرکەوتنی ئەم ئەرکە نیشتمانی و ئایینییە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "تەرمی پیرۆزی سەید خامنەیی و چوار کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٩ی تەمموزی ٢٠٢٦، کاتژمێر ٨:٣٠ی بەیانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە بەرەو شاری مەشھەدی پیرۆز لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێکران.
