بەغدا – INA
کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە سەر بە وەزارەتی نەوتە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، گرێبەستی گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەمرینی لەگەڵ کۆمپانیای HKNی ئەمریکی واژۆ کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوت کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە هاتووە: "لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەت بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان بە مەبەستی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، کۆمپانیای نەوتی باکوور گرێبەستی گەشەپێدانی کێڵگەی حەمرینی لەگەڵ کۆمپانیای HKNی ئەمریکی واژۆ کرد."
باسم محەمەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، کە سەرپەرشتی و ئامادەی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستەکە بوو، ڕایگەیاند: "ئەم هەنگاوە هاوتەریبە لەگەڵ دیدگا و ستراتیژییەتی حکومەت بۆ وەبەرهێنانی گونجاو لە کەرتی نەوت و گاز، بە جۆرێک کە پێداویستیی ناوخۆ دابین بکات و ئاستی هەناردەکردنیش زیاد بکات."
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەش کرد کە: "بەپێی گرێبەستەکە، لوتکەی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیەدا دەگاتە ١٤٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هەروەها ٤٠ ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی گازیش بەرهەم دەهێنرێت." جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم بڕە گازە ناسوتێنرێت، بەڵکو بۆ دابینکردنی وزە لەناو کێڵگەکەدا بەکاردێت و ئەوەی زیادیش دەمێنێتەوە بۆ پاڵەپەستۆی کێڵگەکە دووبارە دەنێردرێتەوە ناو زەوی.
عەبادی باسی لەوەش کرد کە دیدگای ئێستای حکومەت ڕاکێشانی کۆمپانیا گەورە جیهانییەکانە، بەتایبەتی ئەمریکی و ئەوروپییەکان، بۆ ئەوەی بە بەرزترین پێوەرە جیهانییەکان وەبەرهێنان لە نەوت و گازدا بکەن. وتیشی: "ئەم پڕۆژەیە هەلی کار بۆ گەنجانی عێراق و کۆمپانیا ناوخۆییەکان دەڕەخسێنێت، واژۆکردنی ئەم گرێبەستەش پەیامێکە بۆ هەموو جیهان کە ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراقدا ژینگەیەکی سەرنجڕاکێشە."
لە ڕێوڕەسمەکەدا، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری گاز، بەڕێوەبەرانی گشتیی کۆمپانیاکانی (گەڕانی نەوتی، نەوتی باکوور، گرێبەست و مۆڵەتەکان، کۆگا و گەشەپێدانی کێڵگەکان، و کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراقی) ئامادە بوون.

