بەغدا – INA
وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستپێکردنی پرۆسەی پێشکەشکردنی ئەلیکترۆنی بۆ قوتابخانەکانی لێهاتووان (المتفوقين) بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ ڕاگەیاند و مەرج و ڕێنماییەکانی وەرگرتنی بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە هاتووە: "دوای ڕەزامەندی وەزیری پەروەردە، پرۆسەی پێشکەشکردنی ئەلیکترۆنی لە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٩ی تەممووزی ٢٠٢٦ دەست پێ دەکات و تاوەکو ڕۆژی هەینی ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٦ لە ڕێگەی بەستەری تایبەتەوە بەردەوام دەبێت."
**مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتن:**
١. پێویستە تێکڕای نمرەی قوتابی لە ٩٥٪ کەمتر نەبێت.
٢. بۆ قوتابیانی کۆمەڵەی قوتابخانەکانی (ئیشق و چاغ) لە پارێزگای کەرکووک، پێویستە کۆی نمرەکانیان بگاتە ٦٦٥ نمرە.
٣. قوتابی بۆی نییە لە یەک کاتدا پێشکەش بۆ قوتابخانەکانی لێهاتووان (المتفوقين) و قوتابخانەکانی نایاب (المتميزين) یان ئامادەییەکانی کۆلێژی بەغدا بکات.
وردەکاریی تاقیکردنەوەکان:
تاقیکردنەوەی زانستی (التحصيلي) لە ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٩ی ئابی ٢٠٢٦، کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی لەو قوتابخانەیەی قوتابییەکە بۆی پێشکەش کردووە، بەڕێوە دەچێت. تاقیکردنەوەکە بابەتەکانی (زمانی عەرەبی، زمانی ئینگلیزی، بیرکاری و زانست) دەگرێتەوە. پێویستە قوتابی لە ڕۆژی تاقیکردنەوەدا فۆرمی پێشکەشکردنی ئەلیکترۆنی چاپکراو کە وێنەی خۆی پێوە بێت، لەگەڵ ناسنامەیەکی فەرمی پێ بێت.
ئیمتیازات و حاڵەتە تایبەتەکان:
- کەسوکاری شەهیدان: بە تێکڕای ٩٠٪ وەردەگیرێن (واتە ٥ نمرە کەمتر لە نمرەی ئاسایی)، هەروەها مەرجی ناوچەی نیشتەجێبوون و توانای وەرگرتنی قوتابخانەکە نایانگرێتەوە.
- قوتابخانەکانی فەرەحی نموونەیی: هەمان ئیمتیازی کەسوکاری شەهیدانیان بۆ هەژمار دەکرێت.
- قوتابیانی خێراخوێن (المسرعين):ئەو قوتابیانەی قۆناغی سەرەتایییان بە خێراخوێندن بڕیوە و تێکڕای نمرەیان لە تاقیکردنەوە وزارییەکانی خولی دووەم لە ٧٥٪ کەمتر نییە، بەبێ تاقیکردنەوەی زانستی و بەبێ ڕەچاوکردنی توانای وەرگرتنی قوتابخانەکە، وەردەگیرێن.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی حکومی، ئەهلی و بیانی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانانی پەروەردەیی، ئەم لینکەی خوارەوەیان بۆ پێشکەشکردن تەرخان کردووە.
https://std.epedu.gov.iq/


